بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی ورمێ: دەبێت رۆژانە 5000 تۆن سێو هەناردە بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سێوی بەناوبانگی ورمێ بازرگانانی زیاتر لە شەش وڵاتی دراوسێی ئێرانی کێشاوەتە ساردخانەکانی هەڵگرتنی سێو لە ورمێ و سەرەڕای تێچووی زۆری گواستنەوە بۆ وڵاتەکانیان، بازرگانەکان ئامادە نین واز لە کڕینی ئەو سێوە بێنن.
 
سەعید زەینوڵڵا، بازرگانی پاکستانی دەڵێت، "ناوچەی دزە و مەرگەوەڕ، سێوەکەی زۆر باشە. دەگاتە لای ئێمە، بەڵام رێگەکەی دوورە و تێچووەکەشی زۆرە، لێرە نرخەکەی باشە، بەڵام تێچووی هەناردەکردنی زۆرە. واتە ئەگەر من لێرە کیلۆیەک سێو دەکڕم بە 10 هەزار تمەن، دەبێت 15 هەزار تمەنی تێدا خەرجبکەم تاوەکو دەیگەیێنمە پاکستان. هێشتا ئێرەش باشترە، دەگات. لە شوێنی دیکە سێو دەکڕم، ناگاتەوە پاکستان".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، ئەمساڵ یەک ملیۆن و 270 هەزار تۆن سێو لەو پارێزگایە بەرهەمهاتووە، بەڵام ئێستا بەهۆی کێشەکانی هەناردە، 640 هەزار تۆنی لە ساردخانەکان ماونەتەوە و مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە؛ کێشەیەک کە بە گوتەی بازرگانەکانی ناوچەکە، زۆر کەس و لایەن تێیدا بەرپرسیارن.
 
پێشتر لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە، دەرمانی تایبەت دەدرا بە جووتیاران؛ بەڵام ئەمساڵ دابەزینی ئاستی کوالێتیی دەرمانی وەزارەتی کشتوکاڵ بووەتە هۆی گەڕاندنەوەی زۆربەی میوەی بەرهەمی نێوخۆی ئێران لەلایەن وڵاتانی دیکەوە. ئەوەش خەریکە کاریگەریی لەسەر ئاستی هەناردەی میوە دادەنێت.
 
ئێستا رۆژانە تەنیا هەزار تۆن سێو لە ئێرانەوە هەناردە دەکرێت؛ لە کاتێکدا بە گوتەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی جووتیارانی پارێزگای ورمێ، بۆئەوەی سێوی ساردخانەکانی ئەو پارێزگایە لەنێونەچن، دەبێت رۆژانە پێنج هەزار تۆن هەناردە بکرێت. یەک لە هۆکارەکانی کەمبوونی هەناردە، زیاتربوونی تێچووی هەناردەکردنە. لە یەک ساڵی رابردوودا، پێنج هێندە بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ، ساڵی رابردوو داهاتی ئەو پارێزگایە لە هەناردەی 885 هەزار تۆن سێو، 354 ملیۆن دۆلار بووە.