رووداو - هەولێر
شەوی رابردوو بەهۆی زیزبوونی نێوان دوو هاوژین، شەڕ لەنێوان زاوا و ماڵە خەزورانی دروستبوو و بەهۆیەوە دوو کەس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش برینداربوون. زاوا خوشکەزای خەزوور بووە، کوژراوەکان یەکێکیان لەدایکبووی ساڵی 1990ە و چوار منداڵی هەیە، ئەوی دیکەشیان لەدایکبووی ساڵی 2003یە.
محەممەد بەحری، باوکی یەکێک لە بریندارەکان بە رووداوی گوت "ئەو رووداوە لەنێوان خاڵ و خوارزایە، ئەو پیاوەی ئێستا گیراوە دوو کچی لای برایەکانی هاوژینەکەیەتی، دوو ساڵە مێردەکەی ناهێڵێت کچەکەی بێتە ماڵی باوکی، بەردەوام هەڕەشەی کوشتن لە باوکی یان براکەی دەکات، ئەوانە لە سلێمانی، حاجیاوا و رانیەوە هاتوون، باشە ئەو چەکانە بەکوێدا هاتن؟"
دایکی ژنەکە دەڵێت "گوتیان دەبێت یان منداڵەکان یان ژنەکەی بنێرنەوە، ئێمەش گوتمان چۆن دوای ئەو هەموو جنێوەی بە ئێمەت داوە داوای گەڕانەوەی ژن و منداڵەکەت دەکەیت، مەعقولە زاوا هەرچی جنێوی پیسە بە خەزووری بڵێت، چەند جار هەڕەشەی لە کچەکەشم کردووە".
هاوژینی ژنەکە دەڵێت "خۆی ئاسایش دەزانێت رووداوەکە چۆن بووە، بریندارم و دۆخم خراپە، دۆخم باشتربێت خۆم رادەستدەکەم، ئەوەی هەشمە لای بنکەی پۆلیس دەیڵێم".
ئێستا تەرمەکان رەوانەی پزیشکی دادوەریی هەولێر کراون و بریندارەکانیش لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی چارەسەر دەکرێن کە سەرجەمیان لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون، ئێستا بەگوێرەی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی کە تایبەتە بە رووداوەکانی کوشتن دۆسیەکە دراوەتە دادگا.
رائید هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر دەڵێت "پەڕاوەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، هەموو ئەوانەی دەستیان لە رووداوەکە هەبووە بەگوێرەی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراون".
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان جگە لە کوژراوانی ئەو رووداوە، لە ساڵی 2020دا 257 حاڵەتی کوشتن و خۆکوشتن هەبوون، بەوەش لەمساڵدا لە هەر 34 کاژێرێکدا کەسێک کوژراوە، یاخود خۆی کوشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ