پارەی ساختە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوبووەتەوە

30-12-2015
سیامەند کەریم
رووداو
رووداو
نیشانەکردن پارەی ساختە
A+ A-

رووداو - هەولێر

دراوی کاغەزی عێراقی و دۆلار بەشێوەی ساختە لە بازاڕەکانی باشووری کوردستان دەستی بەسەردا دەگیرێت، بەجۆرێک ئەو دراوە ساختانە کەوتوونەتە ناو بانکەکان و پێی نەزاندراوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر دەڵێت "خەڵک دەستگیرکراوە و ئیجرائاتی پێویستی لەگەڵ کراوە، زۆربەی ئەو پارانەی کە تەزویر دەکرێن پارەی دۆلارن".

خاوەنی نووسینگەکانی دراو دەڵێن "دراوی ساختە زۆر بەكەمی دەبیندرێت، ئەوەش پەیوەندی بە هۆشیاری خەڵكەوە هەیە." 

دۆلار فرۆشێک، کە رۆژانە مامەڵە بە دراو دەکات ئاماژە بەوە دەكات "ئەوانەی خەڵکی باشووری عێراقن، دێن لەناو بەستەی پارە، جار هەیە سێ‌ و چوار دانە لە پێنج هەزاری، 10 هەزاری و 25 هەزاریی لەنێو پارەکانیان دەبینرێت".

ئەو پارە ساختانە لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەی خوار و ناوەڕاستی عێراق و، لەوێشەوە لەڕێگەی مامەڵەی هاونیشتمانیان لەگەڵ پارەی دیکەی دروست تێکەڵ دەکرێن و بۆ باشووری کوردستان دەگوازرێنەوە. 

بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، هەر كەسێك تاوانی ساختەكردنی پارە ئەنجامبدات، ئەوا بڕیاری بەندكردنی بەسەردا دەسەپێنرێت، دوای بەسەربردنی سزاكەی لەژێر چاودێری پۆلیس دادەنرێت بە ئەندازەی ماوەی سزاكەی ‌و نابێت لەپێنج ساڵ زیاتر بێت. 

سزای بنەڕەتی ساختەكردنی دراوی كاغەزیش، بریتییە لە بەندكردن بۆ ماوەیەك كە لە 10 ساڵ كەمتر نەبێت ‌و لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە