وەزارەتی کارەبا: کارەبای نیشتمانی بۆ 10 کاژێر لە شەو و رۆژێکدا دابەزیوە

30-11-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "ئەم مانگە لە شەو و رۆژێکدا 16 کاژێر بۆ 17 کاژێر کارەبایان بە هاونیشتمانییان داوە، بەڵام دوای هاتنی شەپۆلی سەرما لە 25 مانگدا کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ نزیکەی 10 کاژێر دابەزین".
 
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێدانی کارەبا لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو 25ـی مانگ 16 بۆ 17 کاژێر بوو لە شەو و رۆژێکدا، بەڵام بەرزبوونەوەی نائاسایی خواست لەدوای هاتنی شەپۆلە سەرماکەی 25ـی مانگ وایکرد، پێدانی کارەبا بۆ نزیکەی 10 کاژێر کەم ببێتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتیشی: "لە ناوچە کوێستانییەکان بەگشتی و سلێمانی بە تایبەتی، کاژێرەکانی پێدانی کارەبا بۆ کەمتر لە 10 کاژێر دابەزیون، بەوپێیەی خواست لەو ناوچانە زیاترە و کارەبا وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی گەرمکەرەوە بەکاردەهێنرێت."
 
ئومێد ئەحمەد گوتی: "هەموو ساڵێک لە وەرزی سەرمادا ئەم کێشەیەمان رووبەڕوو دەبێتەوە. ئێمە توانای ئەوەمان نییە بەرهەم زیاد بکەین، چونکە نە بودجەمان لەبەردەستە و نە سووتەمەنی پێویست؛ تەنیا رێگەی زیادبوونی کاژێرەکانی پێدانی کارەباش کەمکردنەوەی لۆدە لەسەری."
 
لە هەرێمی کوردستان 3500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە 6 هەزار و 500 مێگاوات هەیە. ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزاری تێپەڕاندووە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە