رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، "سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان مافی ئەوەی نییە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بە کراوەیی بهێڵێتەوە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "ئەگەر کۆبوونەوەکە بە کراوەیی هێڵدرایەوە، نادەستوورییە".
بڕیارە رۆژی دووشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، پەرلەمانی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین پەرلەمانتار بکات.
بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردن، یەکەم کۆبوونەوە بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک لەنێوان لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان و یەکلاییکردنەوەی بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی.
د. یاسین مەحموود، راوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) بە رووداوی گوت، "کات ماوە و رەنگە تاوەکو دووشەممە زۆر شت یەکلایی ببنەوە و رەنگە لایەنە سیاسییەکانیش رێکبکەون".
ئەو راوێژکارەی پەرلەمان گوتی: "سەرۆکی تەمەنی پەرلەمان دوو ئەرکی هەیە. یەکەمیان بەڕێوەبردنی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانە و دووەمیان سەرپەرشتیکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانە. یەکەمیان بە سوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمان کۆتایی دێت، بەڵام دووەم ئەرکیان رەنگە هەندێک کێشە هەبێت و قورس بێت، چونکە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەبێت بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامان بێت، واتە 51 دەنگ. هەر کەسێک دەبێتە سەرۆک یان جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەبێت 51 دەنگی هەبێت لانیکەم".
د. یاسین مەحموود رەتیدەکاتەوە، سەرۆکی بەتەمەن دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت کۆبوونەوەکە بە کراوەیی بهێڵێتەوە و تەنانەت کارێکی لەو جۆرە بە نادەستووری ناودەبات و دەڵێت، "نە لە پەیڕەوی ناوخۆ، نە لە یاسای هەڵبژاردن، نە لە دەستووری عێراق، نە لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق باس لەوە نەکراوە سەرۆکی تەمەن دەسەڵاتی هەبێت کۆبوونەوەی پەرلەمان بە کراوەیی بهێڵێتەوە، بەڵکو ئەو کەسە تەنیا دەسەڵاتی دواخستنی هەیە. ئەگەر کۆبوونەوە بە کراوەیی مایەوە، نادەستوورییە، چونکە لە ساڵی 2010دا دادگەی فیدراڵی هێشتنەوەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقی بەکراوەیی بە نادەستووری ناوبرد".
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بڕیاریداوە نەچێتە پەرلەمان، بەڵام ئەوەیشی گوتووە کە ناهێڵێت هیچ هێزێکی سیاسی کورسییەکانی ببات. د. یاسین مەحموود دەڵێت، هیچ بڕگەیەکی یاسایی نییە بابەتەکە بەو جۆرە رێکبخات و گوتی، دەکرێت "ئەوان پشتیان بەو ماوە بەستبێت کە پێویستە بۆئەوەی ئەندامی پەرلەمان تێیدا سوێند بخوات. ناکۆکییەک لەنێوان پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە. هەردووکیان کاتیان دیاریکردووە بۆئەوەی پەرلەمانتار تێیدا سوێند بخوات. پەیڕەوی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە، پەرلەمانتاری هەڵبژێردراو بەبێ پاساوی رێگەپێدراو، تاوەکو 30 رۆژ مافی هەیە سوێند نەخوات، بەڵام یاسای هەڵبژاردن دەڵێت 3 مانگ".
ئەو راوێژکارەکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، پەرلەمانتارانی کۆمەڵ ناتوانن سوێندی یاسایی بخۆن و کۆبوونەوەکان بایکۆت بکەن، چونکە "بەشداریکردنی پەرلەمانتار لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ئەرکە و بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆ رێکخراوە. ئەگەر پەرلەمانتار لەماوەیەکی دیاریکراودا بەشداری لە کۆبوونەوەکان نەکرد، بەو مەرجەی بایکۆتەکە سیاسی نەبێت، رێکاری کارگێڕی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و تاوەکو دەگاتە دوورخستنەوە و دانانی کەسێکی دیکە لە شوێنی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ