پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و بڕیارە ئەمڕۆ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە.
دڵشاد شەهاب، ئەندامی لیژنەی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە بەردەوامی دیدار و سەردانەکانیاندا بۆ لای لایەنە سیاسییەکان بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و رێکارە یاساییەکانی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سەردانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن.
کۆبوونەوەکە لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت. شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان هۆشیار زێباری سەرۆکایەتی دەکات و ئەندامەکانی بریتین لە پشتیوان سادق، دڵشاد شەهاب و ئومێد سباح.
شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەت لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و پێکهاتووە لە رێواز فایق، سالار لالە سەرحەد و رزگار حەمە.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، هەردوو حیزب بەجیا لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی بەدەستهێنا و دوای ئەویش یەکێتی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی بەدەستهێنا.
تاوەکو ئەمڕۆ هەریەکە لە کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رەوتی هەڵوێست و بزووتنەوەی گۆڕان رایانگەیاندووە، بەشداری حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان ناکەن. بەرەی گەل هەڵوێستی ئاشکرا نەکردووە و نەوەی نوێش رایگەیاندووە، بە مەرج بەشداری کابینەی دەیەمی حکومەت دەکات.