ئەلینا رۆمانۆوسکی: شنگال بێزارکەرترین گرفتە
رووداو دیجیتاڵ
ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رۆژی شەممە 30-11-2024، دوایین کۆنگرەی رۆژنامەڤانی لەگەڵ شەش دەزگای راگەیاندن لەنێو کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر ئەنجامدا، وەکو دوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ رۆژنامەڤانان پێش تەواوبوونی ئەرکەکەی وەک باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق. رۆمانۆوسکی گوتی "شنگال بێزارکەرترین گرفتە."
ئەلینا رۆمانۆوسکی، دوو ساڵ و نیوە باڵیۆزی ئەمریکایە لە عێراق و بڕیارە سەرەتای کانوونی یەکەم عێراق جێبهێڵێت.
"هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە هاوبەشێکی گرنگە لە چوارچێوەی پەیوەندییە 360 پلەییەکانمان دا"
لە سەرەتای کۆنگرەکە و بەر لەوەی رۆژنامەڤانان پرسیار بکەن، رۆمانۆوسکی بە سوپاسکردنی رۆژنامەڤانان دەستیپێکرد و گوتی "خۆشحاڵم هەمووتان لێرە دەبینم، دەمەوێت باسی ئەوەتان بۆ بکەم من دۆخی هەرێمی کوردستانی عێراق چۆن دەبینم؛ لە چوارچێوەی عێراق کە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیوە لێرە باڵیۆزم، چەندین جار سەردانی هەولێرم کردووە و لەماوەی رابردوو دا بۆ دووەمینجار سەردانی سلێمانیم کرد، چەندین جێگەی دیکەی هەرێمی کوردستانی عێراقم بینیوە."
رۆمانۆوسکی گوتی "دەتوانم، بڵێم هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە هاوبەشێکی گرنگە لە چوارچێوەی پەیوەندییە 360 پلەییەکانمان دا لەگەڵ عێراق."
ئاماژەی بەوە کرد، "ئێمە زۆر باسی بەرژەوەندی و هەوڵەکانمان دەکەین لێرە، کە دەستەبەرکردنی سەقامگیری، ئاسایش و سەروەریی عێراق و کوردستانێکی بەهێزی عێراقە، واتە یەکگرتوو لە سیاسەت کە ئەمە زۆر گرنگە."
رۆمانۆوسکی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێگەرد بوو
لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، باڵیۆزی ئەمریکا گوتی "بێگومان کوردستانی عێراق حکومەتەکەی کارایە بۆ کارکردن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان، لە ماوەی رابردوو کە هەڵبژاردن کرا، کە هەڵبژاردنێکی بێ کێشە بوو، ژمارەیەکی زۆر خەڵک بەشدارییان کرد و تاڕادەیەک دووربوو لە ساختەکاری و بێگەرد بوو."
ئاماژەی بەوەش کرد، "وەک هەمیشە هەندێک کێشە هەبوون، بەڵام زۆربەیان چارەسەرکران، ئێستا کارەکە لە پێکهێنانی حکومەتدایە و دڵنیابوونەوە لەوەی کێشەکانی بەغدا و هەولێر چارەسەر بکرێن، ئەمە بەشێک دەبێت لە سەقامگیربوونی عێراق و سەروەریێکی پارێزراو."
"کوردستانی عێراق چرایەک بووە بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەری"
باڵیۆزەکەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات، "کاتێک سەیری رۆڵی کوردستانی عێراق دەکەی لە پەرەپێدانی پەرەسەندنی دیموکراسی لە عێراق، ئاسایش، دۆخ، هەڕەشە و ناکۆکییەکان بەهۆی داعشەوە، تەنانەت هەوڵەکانی ئێمە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەدام حوسێن، کوردستانی عێراق رۆڵی زۆری هەبووە لە دروستکردنی عێراق و سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دا. هەروەها بەشێک نموونەیەکی باش بووە لە بنیاتنانی دامەزراوەیی، پێکهاتەیەکی گرنگی پەرەپێدانی وزە بووە، تاوەکو ئەم دواییانە راشکاوبم کوردستانی عێراق چرایەک بووە بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادیی رۆژنامەگەری."
ئەلینا رۆمانۆوسکی گوتیشی: زۆر شت هەن کە بیڵێین بۆچی گرنگە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەوەی خۆڕاگربێت و بەردەوام بێت لە هاندانی سەرکردایەتیی کورد بۆ هاوبەشی و هاوئاهەنگی، نەوەک دووبەرەکی و دابەشبوون هەبێت، کاتێک دێیتە سەر باسی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکان لەگەڵ بەغدا کە ئەمە خۆڕاگریی هەرێمەکە دەخاتە ژێر پرسیارەوە."
ئەمریکا وەک باڵیۆزەکەی دەڵێ "زۆر بەوردی" چاودێریی دوو بابەت دەکات لە هاوبەشیی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، کە یەکەمیان دۆخی ئەمنییە، وەک دەڵێ "چونکە دەبێت دان بەوەدا بنێین؛ هێشتا داعش هەڕەشەیە لە عێراق و سووریا و هەموو جیهان."
"پێویستمان بە پشتگیریی هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگەیە"
ئاماژە بەوە دەکات، "لە راگەیێندراوی 27ـی ئەیلوول دا گوتبوومان، لەماوەی دوو ساڵی داهاتوودا ئەرکی هێزەکانمان لە هاوپەیمانان کۆتایی دێت و بۆ دڵنیابوونەوە لە شکستی بەردەوامی داعش پێویستمان بە پشتگیریی هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتووە. داواکاریی ئەمریکا؛ هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگەیە، چونکە بوونی هێزێکی بەهێز لێرە، هۆکار دەبێت بۆ شکستی داعش."
بە گوتەی رۆمانۆوسکی، ئەمە ئاسان نییە. "بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین لە گوشارەکانمان. ئەوە دەستکەوتێکی گەورەبوو کە توانیمان دانوستاندن لەسەر گواستنەوەی هاوپەیمانی سەربازی بۆ پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بکەین."
جەخت لەوە دەکاتەوە؛ ئەمریکا لە دوو ساڵی داهاتووشد دا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی راوێژکارەکانی بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی پێشمەرگە و، هێزە ئەمنییە عێراقییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دژەتیرۆر بۆ بەردەوام بوون لە شکستپێهێنانی داعش. "ئەمە ئەو بابەتەیە هەموومان لەسەری کۆکین، کە پێویستە هاوئاهەنگیمان لەبارەیەوە هەبێت، هەر سەبارەت بە شکستپێهێنانی داعش ئێمە لەگەڵ ئەوەداین ئەو عێراقییانەی بەهۆی تێوەگلان لەگەڵ داعش لە کەمپی هۆلی باکووری رۆژهەڵاتی سووریان، دەبێت بگەڕێندرێنەوە، بەکارهێنانی تواناکانمان بۆ کارکردن دژی داعش لە سووریا لە کارەکانی دوو ساڵی داهاتوومان دەبێت."
رۆمانۆوسکی دەشڵێت: هەندێک خاڵی دیکە کە ئێمە سەرنجمان لەسەریانە، پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردەیە لێرە (هەرێمی کوردستان)، ئێمە پابەندین بە قووڵبوونەوەی هاوبەشییەکانمان، هاوبەشییەکی بەهێزمان لەگەڵ خوێندنی باڵادا هەبووە.
"سێ زانکۆی ستایلی ئەمریکیمان لێرە هەیە (زانکۆی ئەمریکیی سلێمانی، زانکۆی ئەمریکیی دهۆک و هەروەها زانکۆی کاتۆلیک)، راستگۆبم لەگەڵتان دا ئەم زانکۆیانە کارەکانیان زۆر بە باشی کردووە و پێویستمان بە زانکۆی زیاتری لەم شێوەیەیە لە عێراق، تەنیا بۆ ئەم سێ زانکۆیە ئەم ساڵ چوار ملیۆن دۆلار پاڵپشتی داراییمان کردووە."
باڵیۆزەکەی ئەمریکا باسی بواری ئابووریشی کرد و جەختی لەوە کردەوە لە بواری ئابووری دا پوەندییەکی قووڵیان هەیە و بازاڕی عێراق دەمێکە گرنگە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان و خاڵی هاتنە ژوورەوەی ناو بازاڕی عێراقی بوون.
"ئێستا نزیکەی 30 کۆمپانیای ئەمریکی لە ژووری بازرگانیی ئەمریکی - کوردستانی هەن. مەبەستیانە و دەیانەوێت بێن بۆ ئێرە و لێرە کاربکەن، بنکەکانیان بهێنن و لێرە وەبەرهێنان بکەن، دواتر لێرەوە سەیربکەن ئایا دەتوانن بازرگانییەکەیان گەشە پێبدەن لە بەشەکانی دیکەی عێراقیش."
رۆمانۆوسکی جەختی لەوەش کردەوە، ئەوان پابەندن بە باشترکردنی شەفافیەتی دارایی و "دەمانەوێت بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە، پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری باشتر بکرێت، بەشێکی زۆر لەمە هاوتەریبە لەگەڵ کارنامەی سەرۆکوەزیران سوودانی و پێویستە لە هەموو عێراق کار بۆ ئەمە بکرێت."
گوتیشی "ئەو بابەتانەی پێویستە زیاتر کاریان لەسەر بکەین و پێشبکەوین تێیاندا؛ مافی مرۆڤ، ئازادیی میدیا، پاراستنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ئاوارەکانە، دەشزانم هەندێکجار زۆر سەختە، زۆر بۆمان گرنگە جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال ببینین، کە هێشتا گفتوگۆ و دانوستاندنی زۆری پێویستە. لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوو دا پێشکەوتنی زۆرمان بینیوە، بەڵام هێشتا بابەتی دیکە هەن کاریان لەسەر بکەین وەک گۆڕانی کەشوهەوا."
"کەمێک گەشبینم دووبارە نەوت لە رێگەی بۆرییەکانی تورکیاوە هەناردە بکرێتەوە"
لە وەڵامی رووداو سەبارەت بە رۆڵی ئەمریکا بۆ کۆکردنەوەی بەغدا و هەولێر لەسەر پرسە هەڵپەسێردراوەکان و چاوەڕوانیی ئەمریکا لە حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان. رۆمانۆوسکی گوتی "چونکە هەرێمی کوردستانی عێراق هاوبەشێکی سەرەکیمان بووە و بەردەوام پشتگیریمان لە هەرێمێکی خۆڕاگر کردووە؛ بۆیە رۆڵێکی چالاکمان بینیوە و لە بەرزترین ئاستدا هەوڵمانداوە چارەسەری بەشێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بکەین کە دەمێک بوو لەنێوان بەغدا و هەولێر هەبوون، هەروەها ئەو کێشانەی لە ساڵانی رابردوو دا بەهۆی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراقەوە دروست بوون، ئێمە داوامان لە سەرکردە سیاسییەکان و پەرلەمان کردووە بەشدار بن لە گفتوگۆیەکی بنیاتنەر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی دەستوور. لە ماوەی رابردوودا کاتێک وادەی هەڵبژاردن گۆڕدرا، یاخود هەڵوەشایەوە، هەرچییەک کە ئێوە ناوی لێدەنێن، ئێمە زۆر پێداگر بووین بۆ ئەوەی هەرچی زووە وادەی نوێ بۆ هەڵبژاردن دەستنیشان بکرێت و لەگەڵ یونامی کارمان بۆ نەهێشتنی نیگەرانییەکان کرد. لەبارەی پرسی مووچە و بودجەش، رۆڵمان هەبوو لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا."
"کێشەیەکی دیکە؛ وەستانی هەناردەکردنی نەوت بوو لەرێگەی بۆریی تورکیا کە ئێمە هەوڵی چارەسەرکردنیمان دا، کەمێک گەشبینم؛ بەڵام ئەوە کاتی دەوێت، دەنگێکی کاریگەر بووین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، لە کۆتاییدا ئەوە ویستی هەمووانە ئەو کێشانە چارەسەربکرێن، ئەمریکا دەتوانێت رۆڵێکی بەرچاو ببینێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان، ئێمە هەوڵدەدەین بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانن کە دەتوانن چارەسەری بکەن."
ئەلینا رۆمانۆوسکی بەردەوام بوو لە قسەکانی و گوتی: "سەبارەت بەوەی چاوەڕوانیمان چییە لە حکومەتی نوێی کوردی، پێموایە دەبێت بتوانن لە بەغدا تێبگەن، پێویستە حکومەتێکی کاراتان هەبێت، هاووڵاتیانیان هاتن بۆ سەر سندووقەکان و دەنگیان دا، ئەوەیان هەڵبژارد کە دەیانویست، ئێستا بەرپرسیاریێتی لەسەر شانی حیزبە سیاسییەکانە بۆ ئەوەی رێگەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بدۆزنەوە، ئەوەش وادەکات کورد بە هێزێکی زۆرترەوە بچێتەوە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."
گوتیشی "لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم، لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوو دا هاتووچۆی سەرکردە سیاسییەکانی کورد بۆ بەغدا زیاتر بووە، دوای شەش ساڵ، کاک مەسعود دووبارە سەردانی بەغدای کردەوە، سەرۆک نێچیرڤان پێموایە چەندین جار هاتووە بۆ بەغدا و لەماوەی رابردوودا شاندی پێنج بۆ شەش وەزارەت هاتن بۆ بەغدا بۆ دانوستاندن لەسەر کێشەکان، گفتوگۆی دانوستاندنی زۆر لە هەردوولاوە هەیە کە ئێمە پشتیوانیان لێدەکەین، لە هەندێکیان پێشکەوتن هەیە و لە هەندێکیشیان هێشتا نییە."
رووداو پرسی: ئەمریکا چۆن دەڕوانێتە پرۆسەی چاکسازی و یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، هەڵوێستی چی دەبێت ئەگەر ئەم پرۆسەیە دواخرا؟
رۆمانۆوسکی گوتی "سەرەتا با بڵێم ئێمە پێداگرین لە هەبوونی هێزێکی یەکگرتوو لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، کە ئەمە گرنگە بۆ دڵنیابوون لە شکستی داعش لە عێراق دا، دووەم؛ بۆ ئەوەی بەشێک بێت لە سەقامگیریی عێراق، لە ئەیلوولی 2022 دەرفەتمان هەبوو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق نوێبکەینەوە، کۆمەڵێک خاڵمان داناوە کە بەربەست دەبن لەبەردەم دواخستنی پرۆسەکە، گرنگ بووە بۆ ئەوەی ئێمە هەندێک پێشکەوتن لە پرۆسەکە دا ببینین."
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق هیوادەخوازێت ئەم پرۆسەیە کەمێک خێراتر بەڕێوەبچێت. "ئێمە داوا لە پارتی و یەکێتی دەکەین بەردەوام بن لە پێشخستنی ئەو پرۆسەیە، من پێشبینی ناکەم چی روودەدات ئەگەر ئەو ئامانجە نەیەتەدی، بەڵام ئەوەمان نیشانداوە ئەو ئامانجە بەلای ئێمەوە زۆر گرنگە. لە ساڵی 2026 دەرفەتێکی دیکە هەیە بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکان بکەین و بڕیاربدەین نوێی بکەینەوە و چەندین خاڵی دیکە بۆ یاداشتنامەکە دابنرێت."
"10 ساڵە داوای جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەکەین؛ بێزارکەرترین گرفتە"
ئەمریکا بەردەوام داوا لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات تاوەکو رێککەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکەن. "ئەوە بەلامانەوە بێزارکەرترین گرفتە کە ماوەی 10 ساڵە داوای جێبەجێکردنی دەکەین، لەوە تێدەگەین دۆخی شنگال زۆر ئاڵۆزە، زۆر را و بۆچوون لەسەر ئەوەی چۆن ئەو رێککەوتنامەیە جێبەجێ بکرێت هەن، ئایا پێویست بە دانوستاندن دەکاتەوە؟ بەردەوام بەدوای رێگەچارەی گونجاودا دەگەڕێین و لایەنەکان کۆدەکەینەوە کە چۆن بتوانین چارەسەری ئەم کێشەیە بکەین."
"دەمانەوێت ئاسایشی شنگال لەدەستی پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ناوخۆیی دا بێت، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی شنگال دایە، هەروەها قایمقام کە دانراوە، بەڵام ناتوانێت تاوەکو ئێستا کاربکات."
لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ دا یاریدەدەری وەزارەتی درەوەی ئەمریکا سەردانی عێراقی کرد کە بەرپرسە لە پێکهاتەکان و ئازادیی ئایینی و مافەکانی مرۆڤ. "هات تاوەکو بزانێت دەتوانێت پێشکەوتنێک لەبارەی ئەم گرفتە بهێنێتەدی، لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرکردە عێراقییەکان کۆبووەوە تاوەکو چارەسەر بۆ گرفتی شنگال بدۆزنەوە، قسەی لەگەڵ پێکهاتەکان کرد تاوەکو بزانێت پێداویستییەکانیان چییە؟ هانی وەبەرهێنانی دا لەو ناوچانە بۆ دووبارە ئاوەدانبوونەوە و بنیاتنانەوە."
"لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەردەوام کار لەسەر ئەم ناوچانە دەکەین. بەڵام بەداخەوە دەبێت ئەوە بڵێم، پێشکەوتن زۆر سەختە لەم بابەتە دا، بەداخەوەم بۆ قوربانییەکان و ئەوانەی لە ماڵەکانیان بێبەش بوون. دوایین خاڵ ئاماژە بەوە دەکەم؛ پاراستنی کەمینەکان و پێکهاتەکان لە عێراق کاری لەپێشینەمان بووە، لە ساڵی 2008ـەوە تاوەکو ئێستا 500 ملیۆن دۆلارمان بۆ پاڵپشتیکردنیان خەرج کردووە بۆ ئەوانەی دووچاری جینۆساید و دۆخی نالەبار بوونەتەوە."
"ئێران دەیەوێت عێراق بخزێنێتە نێو شەڕەوە"
لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شەڕی غەززە و ئاگربەستی لوبنان، هەروەها هەڕەشەکانی ئیسرائیل لە عێراق، پرسیار لە رۆمانۆوسکی کرا "عێراق چۆن دەتوانێت خۆی بپارێزێت و نەکەوێتە نێو ئەم شەڕە؟"
ئەلینا رۆمانۆوسکی گوتی "لە روانگەی ئەمریکاوە، ئێران سپۆنسەری تیرۆر و ناسەقامگیرییە؛ نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە هەموو ناوچەکە، هیچ شتێک لەوبارەیەوە نەگۆڕاوە، لەوانە رەفتاری ئێران و کاریگەریی لەسەر ناوچەکە و ئەو میلیشیایانەی کە لە ناوچەکە دا هەن. ئێمە پێمانوایە دەبێت رێگری لەو چالاکییانە بکرێت کە میلیشیاکان بە پاڵپشتیی ئێران لە عێراق و ناوچەکە دا دەیکەن، ئێران و لایەنگرانی هەوڵدەدەن عێراق پەلکێشی نێو ئەم شەڕە بکەن."
"ئێمە بە سەرکردەکانی عێراق و حکومەتمان گوتووە؛ نابێت رێگە بدرێت خاکی عێراق بۆ دەستپێکردنی تیرۆر و هێرشکردنە سەر سەروەری هەر وڵاتێکی دیکە بەکاربهێنرێت، ئەوە لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە کە بخزێنرێتە نێو ئەو ململانێ هەرێمییە."
هۆشداری دەدات و دەڵێت "هاوبەشەکانمان ئاگاداردەکەینەوە لەو مەترسییانەی ئەو گرووپە چەکدارانە لە عێراق دروستی دەکەن، کە لە بنەڕەتدا دژی بەرژەوەندیی عێراق کاردەکەن، ئێمە داوامان لە حکومەتی عێراق و بێگومان هاوبەشە ئەمنییەکانمان (هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە) کردووە، هەنگاوی گونجاو بنێن کە لەتوانایاندا بێت بۆ رێگریکردن لەو گرووپە چەکدارانە."
باسی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیلیشی کرد و گوتی "سەبارەت بە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، زۆر دڵخۆشین کە توانیمان کار بۆ ئەو ئاگربەستە بکەین، لە 60 رۆژی داهاتوودا هیوادارین ببینین ئەو خەڵکەی لە ماڵەکانیان رۆشتبوون لە باکووری ئیسرائیل بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی لوبنان خاکی خۆیان کۆنترۆڵ بکەنەوە و ئاشتی بگەڕێتەوە ناوچەکە. لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەمان بەتایبەت فەرەنسییەکان، کاردەکەین تاوەکو ئەو رێککەوتنامەیە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت."
لە دوای دۆخی ئەمنی سەربەخۆیی، وزەی عێراق کاری لەپێشینەمان دەبێت
ئەلینا رۆمانۆوسکی دەڵێ "رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا کە لە ساڵی 2008 واژۆکرا، نەخشەیەکە لە چەندین رووەوە بۆ ئەوەی بەرەوپێش بچین، جۆرێک لە پەیوەندیی هاوبەشی بەهێز بنیاتبنێین، ئەوەی هەمیشە ویستوومانە لەگەڵ عێراق پچڕ پچڕ هاتووەتە دی و توانراوە فراوان بکرێت، ئاڵنگاریمان هەبووە، پێویستبوو بەیەکەوە مامەڵە دژی داعش بکەین، بەوشێوە بەرفراوان جێبەجێ نەکرا، کە ئێمە دەمانویست، بۆماوەیەکی زۆر ئەم پەیوەندییە ستراتیژییە تاڕادەیەکی زۆر لەسەر پرسە ئەمنییەکان چڕبووەتەوە."
"لەگەڵ گۆڕانی دۆخی ئەمنی لە ساڵانی رابردوودا، توانیومانە جۆرێک سەیری بوارەکانی دیکە بکەین کە دەتوانین پەیوەندییەکانمانی تێدا فراوان بکەین، سەربەخۆیی وزە یەک لەو بوارانە بووە، گۆڕانی کەشوهەوا، چاکسازی لە سێکتەری دارایی و چاکسازیی بانکی، کە بۆ بەشێکی عێراقییەکان بەئازار بووە. هەوڵمان داوە پەیوەندییەکان لە پەروەردەی ئاڵوگۆڕی کولتوورییەوە زیاتر بکەین، لەماوەی رابردوو دا سەرۆکوەزیران سوودانی لەگەڵ شاندێکی گەورەی بازرگانی چووە واشنتن و سەردانی چەند ویلایەتێکی کرد تاوەکو هانی وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان بدات."
رۆمانۆوسکی دەشڵێ "ئێمە پێویستمان بە سەقامگیریی سیاسییە لێرە، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکان گەشە بکات، هەوڵی زیاتر دژە گەندەڵی و سەقامگیری سیاسی زۆر گرنگن، چونکە بەڕاستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆیان گرنگە دڵنیابن حکومڕانی سیاسی لێرە سەقامگیرە."
"ئەوەی ئێمە دەمانەوێت فراوانکردنی پەیوەندییەکانمانە، ئەوەی دیکەش دەوەستێتە سەر هەموو لایەنەکانی عێراق کە چەند هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن."
"پاشەکشە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئازادیی میدیا هەیە"
باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت "میدیای ئازاد گرنگە بۆ دیموکراسی کە ئەوە مێژووی ئێمەیە وەکو ئەمریکییەکان، ئێمە بەردەوام داوای جێبەجێکردنی هەردوو یاساکەی رۆژنامەڤانی دەکەین لێرە، دەیبینین پاشەکشە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئازادیی میدیا هەیە، پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوبانگێکی باشی هەبوو بۆ ئازادیی رۆژنامەڤانی، بەڵام ئێستا ئەمە پاشەکشەی کردووە و ئێمە هانی حکومەت دەدەین بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوبانگەی پێشتریان."
"داوامان لە حکومەت کردووە خۆی لە دەستگیرکردن یان دەستبەسەرکردنی رۆژنامەڤانان بپارێزێت، هەروەها مۆبایل و کەلوپەلی رۆژنامەڤانان بەبێ فەرمانی دادگە نەپشکنێ، ئەمانە هۆکارن بۆ بێهێوابوون لە ئازادیی رۆژنامەگەری. هانی میدیا دەدەین لە روانگە جیاوازەکانیانەوە بەردەوام بن لە کارەکەیان، بەڵام بە بەرپرسیارەتییەوە."
رۆمانۆوسکی گوتیشی "لە چەند مانگی رابردوودا 11 گوتەبێژی وەزارەتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانمان لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا بۆ ئەمریکا نارد؛ بۆ ئەوەی ئەزموون لەو کەسانە وەرگرن، کە لە ئەمریکا کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەکردن سەبارەت بە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ رۆژنامەڤانان. ئێمە پێداگرێکی سەرسەختی مافی رۆژنامەڤانانین."