کەشناسێک: لە زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکان شەختە دروستدەبێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو هەولێر

کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت، ئەمشەو لە زۆرینەی ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان پلەی گەرما دەچێتە ژێر سفر و شەختە دروستدەبێت.

ئەمڕۆ شەممە، 30ـی تشرینی دووەمی 2024، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سبەی پلەکانی (1-2) پلە بەرزدەبێتەوە. 
 
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمشەو پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگاتە ژێر سفر، لە هەندێک لە ناوچەش دەچێتە دوو پلە ژێر سفر."
 
ئەو کەشناسە دەڵێت، لە ناوچە شاخاوییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، پێنجوێن، سۆران و چۆمان، سیدەکان، ئامێدی، شیلادزێ و ناوچە شاخاوییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر شەختە دروستدەبێت.
 
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلی سەرمایە، محەممەد کەمال دەڵێت، "لە کۆتایی هەفتەدا پلەی گەرما چەند پلەیەک بەرزدەبێتەوە، ئەم سەرمایەی شەوان نامێنێت، کەشەکەی کەمێک ئاسایی دەبێتەوە."
 
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم شێوەیە دەبن:
 
هەولێر : 17 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 16 پلەی سیلیزی
دهۆک : 16 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 17 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 18 پلەی سیلیزی
سۆران: 15 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 6 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 19 پلەی سیلیزی

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە