باڵیۆزی ئەمریکا ماڵئاوایی لە نێچیرڤان بارزانی دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ماڵئاوايى و به‌بۆنه‌ى كۆتاييهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ی‌، پێشوازیی له‌ ئێلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کرد‌.
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 30-11-2024) رایگەیاند نێچيرڤان بارزانى، سوپاسى كار و هه‌وڵه‌كانى خاتوو رۆمانۆوسكى كرد بۆ بره‌ودانى په‌يوه‌ندييه‌كانى وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌ركى داهاتوويدا بۆ خواست.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رۆمانۆوسکی "سوپاسى هاوكارى و پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌رخستنى ئه‌ركه‌كه‌ى كرد."
 
دوا پێشهاتەکانی گفتوگۆی لایەنە سیاسییە براوەکانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان بۆ پێکهێنانی كابينه‌ى نوێى حکومەتی هه‌رێمی کوردستان، دۆخی عێراق، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا و پێشهاته‌کانی رۆژهه‌ڵانى نێوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو كه كونسووڵى گشتيى ئه‌مريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.
 
ئەلینا رۆمانۆوسکى، لە ساڵی 2022 جێگەى ماتیۆ تولەری گرتەوە کە سێ ساڵ باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە عێراق.
 
رۆمانۆوسکى تەمەن 69 ساڵ بەر لەوەى بکرێتە باڵیۆزى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە عێراق، لە ساڵى 2020ـەوەوە باڵیۆزى ئەو وڵاتە بوو لە کوێت.