هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک: ئەمڕۆ یەکەم کاروانی زیندانییان رادەستی کارگێڕیی کەرکووک دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک دەڵێت، بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی زیندانییان لە سلێمانییەوە رادەستی لایەنی پەیوەندیدار لە کەرکووک بکرێن.
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"بڕیارە ئەمڕۆ شەممە یەکەم کاروانی زیندانی عەرەبی سوننەی کەرکووک لە سلێمانیەوە رادەستی کارگێڕی کەرکووک بکرێن".
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی عەزم لەکەرکووک گوتی، "دەگوترێت نزیکەی 95 کەس بۆ 100 هاووڵاتی عەرەبی سوننە لە زیندانەکانی سلێمانی دان و بەش بەش رادەستی کارگێڕیی کەرکووک دەکرێن. باس لەوە دەکرێت هەر کاروانەی نزیکەی 25 کەس دەبن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە بە تەواوی روون نەبووەتەوە".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سێ نوێنەری عەرەب و کۆتاکەی کریستیان حکومەتی خۆجێیی کەرکووکی پێکهێناوە.
بە گوتەی گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لەکەرکووک، ئەوەی دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە کە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک کراوە.
رۆژی 27-11-2024، رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کوتلەی عەرەبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ چوارشەممە دەچینە سلێمانی و لەبارەی بێسەروشوێنبووان و زیندانییانی عەرەبی کەرکووک لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبینەوە".