نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی یەکێتی و عەرەبی کەرکووک لەبارەی رادەستکردنی زیندانیان
رووداو دیجیتاڵ
نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنی عەرەبی لەبارەی زیندانییانی عەرەبی کەرکووک بڵادەبێتەوە، کە وا دەردەکەوێت لەسەر سێ خاڵ رێککەوتوون.
رۆژی چوارشەممە 27-11-2024 لیژنەی پێکهێندراو بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی دەستگیرکراوانی عەرەبی کەرکووک لە گرتووخانەکانی سلێمانی کۆبووەوە. وێنەیەکی کۆنووسی کۆبوونەوەکە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاش کۆنووسەکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردووەتەوە.
لایەنی عەرەبی، لەلایەن شێخ وەسفی عاسی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری عەرەبی کەرکووک سەرۆکایەتیی کراوە بە ئەندامیێتیی هەریەک لە محەممەد حافز، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا. لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتیی شێخ جەلال ناجی، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاریی / زانیاریی و ئەندامیێتیی هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایش لە سلێمانی بووە.
بەگوێرەی کۆنووسی کۆبوونەوەکە کە واژۆی هەموویانی لەسەرە، رێککەوتن لەسەر ئەمانەی خوارەوە کراوە:
یەکەم: دۆسیەی ناوی سەرجەم دەستگیرکراون بدرێتە لیژنەکە.
دووەم: هۆکاری دەستگیرکردنی دەستگیرکراوەکان بدرێتە لیژنەکە.
سێیەم: رێککەوتن کراوە کە ئەو کەسانە رادەستی لایەنی فەرمی لە کەرکووک بکرێن. رادەستکردنی یەکەم کاروانی دەستگیرکراوەکان رۆژی شەممە 30-11-2024 دەبێت.
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ یەکەم کاروانی زیندانی عەرەبی سوننەی کەرکووک لە سلێمانییەوە رادەستی کارگێڕی کەرکووک بکرێن."
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک گوتیشی "دەگوترێت نزیکەی 95 - 100 هاووڵاتیی عەرەبی سوننە لە زیندانەکانی سلێمانی دان و بەش بەش رادەستی کارگێڕیی کەرکووک دەکرێن. باس لەوە دەکرێت هەر کاروانەی نزیکەی 25 کەس دەبن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەمە بە تەواوی روون نەبووەتەوە."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ سێ نوێنەری عەرەب و کۆتاکەی کریستیان حکومەتی خۆجێیی کەرکووکی پێکهێناوە.
بەگوتەی گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک، ئەوەی دەکرێت؛ لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەیە کە بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگای کەرکووک کراوە.
رۆژی 27-11-2024، رەعد ساڵح، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی عەرەبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوتبوو "ئەمڕۆ دەچینە سلێمانی، لەبارەی بێسەروشوێنبووان و زیندانییانی عەرەبی کەرکووک، لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆدەبینەوە."