گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی پیرەمەگروون: هەواڵی دەستگیرکردنم دوورە لە راستییەوە

رووداو دیجیتاڵ 

هەواڵێک بە فراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە گوایە مامۆستایەکی ئایینی لە شاری سلێمانی بەناوی مەلا تاهیر رفێندراوە. مامۆستاکە و ئەوقافیش رەتی دەکەنەوە شتی وەها روویدابێت.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 30-11-2024), مامۆستای ئایینی (تاهیر کەلەباشی)، گوتاربێژی مزگەوتی گەورەی پیرەمەگروون لە پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەواڵی رفاندن و دەستگیرکردنم هیچ بنەمایەکی نییە و بەردەوامم لە کارەکەم".
 
هەواڵەکە بەو جۆرە بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ئەو مامۆستا ئایینییە لەلایەن "نزیکەی 50 چەکدارەوە لە ماڵەکەی خۆیدا رفێندراوە".
 
هەر لەو بارەیەوە هاوژین رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی ئەوقافی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەدواداچوونمان کرد بۆ ئەو هەواڵەی سەبارەت بە مامۆستایەکی ئایینی بڵاوکراوەتەوە و بۆمان روون بووەوە هیچ بنەمایەکی نییە. هیچ مامۆستایەک نە رفێندراوە و نە دەستگیرکراوە".