قۆناخی کۆتایی سەرژمێری دەستیپێکرد؛ ئەو 77 پرسیارانە چین لە دانیشتووان دەکرێن؟
رووداو دیجیتاڵ
قۆناخی کۆتایی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد کە تێیدا 77 پرسیار دەکرێن و نێوەڕۆکی کارتی نیشتمانی تۆمار دەکرێت. بەرپرسێک دەڵێت، ماڵێک یەک کەس لەماڵ بێت، دەتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە.
مەحموود عوسمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە پڕۆسەکەدا 29 هەزار و 574 کارمەند دوایین قۆناخی سەرژمێری بەڕێوەدەبەن.
مەحموود عوسمان دەڵێت، ئەم قۆناخە 18 رۆژی پێ دەچێت، واتە تاوەکو 17-12-2024 بەردەوام دەبێت.
هەر ئەمڕۆ د. دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئامادەکاری تەواو کراوە و پێنج رۆژ خول کراوەتەوە بۆ کارمەندەکان بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەبچێت".
ئەو کارمەندانەی پێشتر وەک بژمێر سەردانی ماڵانیان دەکرد، لە ئەمڕۆوە تاوەکو 17ـی مانگی داهاتوو یەک جاری دیکە دەچنەوە ماڵان.
چی پێویستە بۆ ئەم قۆناخەی سەرژمێری؟
بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر دەڵێت، کاتێک کارمەندەکان سەردانی ماڵان دەکەن، پێویستە کەسێک کە تەمەنی زیاتر لە 18 ساڵ بێت لە ماڵەوە بێت و وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، هەروەها کارتی زانیاری و فۆرمی خۆراکی پێبێت بۆ ئەوەی زانیارییەکانی نێوی تۆمار بکەن.
لەم قۆناخەی سەرژمێرییدا 77 پرسیار دەکرێن. دڵزار حەمەساڵح دەڵێت، "زۆر پێویستە هەمووان بە وردی و دروستی، وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەڕێکوپێکی بەڕێوەبچێت".
بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، "گرنگە هەرکەسێک هەرچی هەیە بە دروستی بە کارمەندەکانی بڵێت، چونکە دڵنیایی دەدرێت زانیارییەکان بڵاونابنەوە و تەنیا لای حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار دەبن".
ئەو پرسیارانەی لەم قۆناخەدا دەکرێن
فۆرمی پرسیارەکان 77 پرسیاری تێدایە، لەنێویاندا تەمەنی کاتی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، ئەگەری هەبوونی زیاتر لە هاوژینێک، هەبوونی ئامێرەکانی نێوماڵ وەک جلشۆر، بەفرگر و فێنککەرەوە.
حکومەت دەیەوێت بۆ پلانەکانی داهاتوو سوود لە زانیارییەکان وەربگرێت؛ بۆیە پرسیاری جیاوازی تێدایە و بەشێکیان بەم شێوەیەن:
- پرسیاری ئایینی دەکرێت و تێیدا موسڵمان، مەسیحی، ئێزدی، سابیئی دیاریکراوە و بژمێر دەشتوانێت ئایینی دیکە زیاد بکات.
- هەبوونی کار
- خوێندن یان ئاستی خوێندن
- پێکهێنانی هاوژینی یان جیابووەوە
- راگواستن یان کۆچکردنی زۆرەملێ
- گەڕانەوە لە راگواستن یان کۆچکردنی زۆرەملێ
- هەڕەشەی کەسی (عەشایەری)
- ئاوارەبوون بە هۆکاری ئەمنی و ئاسایش
- گەڕانەوە لە ئاوارەیی
- پەنابەربوون لە دەرەوەی عێراق
پرسیار بۆ کەسانی سەروو 6 مانگ:
- کەسەکە کێشەی لە بینیندا هەیە؟ چاویلکە بەکاردەهێنێت؟
- کەسەکە کێشەی لە بیستندا هەیە؟
پرسیار بۆ کەسی زیاتر لە دوو ساڵ:
- کەسەکە کێشەی لە رۆیشتن یان سەرکەوتن بەسەر پەیژەدا هەیە؟
پرسیار بۆ کەسی زیاتر لە سێ ساڵ:
- کەسەکە بە بەکارهێنانی زمانی دایک هیچ ئاستەنگییەکی هەیە لە پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە بە زمانی دایک یان تێگەشتن لە کەسانی دیکە؟
پرسیار بۆ کەسانی سەروو چوار ساڵ:
- کەسەکە کێشەی لە چاودێریکردنی خۆی هەیە، وەک گەرماوکردن یان خۆی جل لەبەر بکات؟
پرسیار بۆ کەسانی سەروو 10 ساڵ:
- ئاستی خوێندن
- بەرزترین پلەی خوێندن کە بەدەستی هێنابێت
پرسیار بۆ کەسانی 12 ساڵان و سەرووتر:
- باری هاوژینی
- تەمەن لە کاتی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی
- ئەو پیاوانەی کە هاوژینییان پێکهێناوە ئاماژە بە ژمارەی ئەو هاوژینانە بکەن لە ئەستۆیاندان
- ژمارەی کارتی نیشتمانی و ژمارەی خێزانیی کارتی نیشتمانی
- سەرچاوەی کارەبای چییە؟
- ئەو شوێنەی تێدا دەژی، موڵکە یان کرێ، چادرە یان خانوو یان کەرەڤانە و کەپر
- سەرچاوەی ئاوی سەرەکی بۆ بەکارهێنان
- سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە
- شێوازی ئاوەڕۆ
- شێوازی سەرەکیی فڕێدانی زبڵ
- ژمارەی کۆبوونی خۆراک
پرسیاری خاوەنداریێتی خێزان بۆ کەلوپەلی درێژخایەن:
- ئۆتۆمبێلی هەیە؟
- ماتۆرسکیل
- بەفرگر (سەلاجە)
- بەستێنەر (مجەمیدە)
- جلشۆر
- بۆیلەر (گیزەر)
- سپلیت
- مۆلیدەی کارەبا
- تەلەڤزیۆن
- گسکی کارەبایی
- کۆمپیوتەر
- ئایپاد
- مۆبایلی زیرەک
- سیستمی ئینتەرنێتی ماڵان
- قاپشۆر
- سیستمی پاڵاوتنی ئاو
ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان
سەرژمێریی گشتیی بۆ ماوەی سێ رۆژ و لە 20 بۆ 22ـی 11-2024 لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. دوای دوو رۆژ و رۆژی 25ـی هەمان مانگ، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان ئاماری دانیشتووانی راگەیاند و گوتی، دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەس و 14%ـی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن.
دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئەو ژمارەیەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دانیشتووانی ناوچە هاوبەشەکانی تێدا نییە، وەکو ناوەندی قەزای شێخان، ناحیەی زێلکان لە شێخان، ناحیەی فەهیدیێ لە دهۆک، هەروەها ناحیەکانی دیبەگە، مەلاقەرە و گوێڕ لە مەخموور، ناحیەکانی کۆکس و نەوجول و گوندەکانی دەوروبەری چەمچەماڵ کە لەسەر کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەلاحەدین هەژمار کراون".
ئامارەکان سەرەتایی بوون و تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری کۆتایی بڵاونەکراوەتەوە. بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، شارنشین لە هەرێمی کوردستان 84% و گوندنشین 16%ـن".
بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێریی گشتی، ملیۆنێک و 379 هەزار و 163 خێزان لە لە هەرێمی کوردستان دەژین و تێکڕای قەبارەی خێزان 4.6 کەسە.
لە ئامارەکەدا رەگەزەکان جیاکرانەوە و بەمشێوەیە بوون: 3 ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەسیان لە رەگەزی نێر و 3 ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەسیشیان لە رەگەزی مێ، کە دەکاتە نێر 50.24%ـە و رەگەزی بەرامبەریش 49.76%.
ئەنجامەکانی سەرژمێری بە جۆرێک بوون، لە ملیۆنێک و 379 هەزار و 163 خێزان لە هەرێمی کوردستان، 88.14%ـیان لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوەدەبرێن، 11.86%ـیشیان لەلایەن ئافرەتانەوە.
هەر لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، 31.9%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە خوارووی 15 ساڵییەوەن و لە تەمەنی کارکردندا نین؛ ئەو دانیشتووانەی توانای کارکردنیان هەیە و تەمەنیان لە 15 بۆ 64 ساڵە، 63.7%ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن؛ دانیشتووانی سەرووری تەمەنی کارکردنیش کە لە 65 ساڵ گەورەتر بن، 4.4%ـی دانیشتووان پێکدەهێنن.