سەرەڕای رێگرییەکانی سوپای عێراق، لە مەخموور زەوی دەکێڵدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەنگەر سالم گەنجێکی سنووری قەزای مەخموورە و خاوەنی 120 دۆنم زەوییە. سەرەڕای رێگرییەکانی سوپای عێراق لە هێنانی پەیین و بنەتۆ کە ئەوان ناچارن بە پارەی زیاتر بیکڕن، خەریکی کێڵانی زەوییەکەیەتی.
ئەو جووتیارانە ئێستا ترسی وەرنەگرتنی بەرهەمەکانیشیان هاتووەتە سەر.
سەنگەر دەڵێت، "تائێستا پەیینی کیمیایی بە فەرمی داخڵ نەبووە، ئەوەی هەیە بە قاچاخ و بە پارە داخڵ دەبێت، ئەم ساڵ جووتیاری وا هەیە لە زەوییەکەی بیری لێداوە، مەڕەشەی هێناوە بە قەرز بۆ کاتی دوورینەوە و ئەوکاتیش گەنمی لێوەرنەگیرێت تووشی کێشەی گەورە دەبینەوە".
ساڵانە زیاتر لە 800 هەزار دۆنم زەوی لەلایەن جووتیارانی کوردی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا دەکرێتە کشتوکاڵ.
نزیکەی پێنچ هەزار جووتیاری مەخموور، گوێڕ، دیبەگە و قەراج زۆربەیان زەوییەکانیان تۆ کردووە و چاوەڕوانی بەرهەمەکانیان دەکەن لە وەرزی دوورینەوەدا، بەڵام نیگەرانن کە تائێستا ناویان لە پلانی کشتوکاڵیی نەینەوا تۆمار نەکراوە، ئەمەش ئەگەرێکە کە بەرهەمەکانیان لێ وەرنەگیرێت.
لە 9ـی ئەم مانگەدا، بەڕێوەبەرانی کشتوکاڵی ئەو ناوچانە لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێڕاق کۆبوونەوە بە ئامانجی دانانی جووتیارانی ئەو ناوچانە لە پلانی کشتوکاڵیی نەینەوا، بەڵام هێشتا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مەخموور دەڵێت، "تائێستا پلانی کشتوکاڵیی قەزای مەخموور لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێڕاق وەرنەگیراوە، ماوەیەک لەمەوبەر لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێڕاق کۆبووینەوە، یاداشت و داواکارییەکانی ئێمەیان بۆ وەزیری کشتوکاڵ بەرزکردەوە، ماوەیرکی زۆری بەسەرداچووە، دەبێت لەم نزیکانە وەڵاممان بدەنەوە، هەرچەندە کاتی کۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەکە گەشبین بوون، بەڵام ئەگەر وەڵاممان نەدەنەوە زۆر خراپ دەبێت بۆ جووتیارانی ئەم ناوچەیە".
لە دوای ساڵی 2017، بەردەوام کێشە بۆ جووتیارانی کوردی ناوچە دابڕێنراوەکان دروستدەکرێت، نوێترین کێشەش یەکلایی نەکردنەوەی پرسی وەرنەگرتنی گەنمی جووتیارانی مەخموورە بۆ ساڵی 2024.