لە سنە مەلایەکی کورد بە 16 مانگ بەندکردن سزادرا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، مەلایەکی کورد لەلایەن دادگەی تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی، سزای 16 مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
 
مامۆستا حوسێن عەلیمورادی، پێشنوێژی مزگەوت و بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستە ئایینییەکانی "ئیبراهیم خەلیلوڵڵا"ـی شاری سنە، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی هەمەدانەوە سزای ساڵێک و چوار مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.
 
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکان، دادگەی تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لقی هەمەدان بە تۆمەتی "چالاکیی دژی ئاسایشی وڵات" و "پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، ئەو سزایەی بەسەر مەلاکەدا سەپاندووە.
 
ئەم مامۆستا ئایینییە خەڵکی شاری سنەیە و سەرەتای ئەیلوولی ئەم ساڵ بانگهێشتی دادگەی تایبەت بە مامۆستایان لە شاری هەمەدان کرابوو.
 
ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە پێشتر لە 04-04-2023، لەلایەن هەمان دادگە، بەتۆمەتی "شێواندن و بەلاڕێبردنی رای گشتی" و "چالاکی دژی ئاسایشی وڵات" بە دوو ساڵ بەندکردن سزادرابوو، بەڵام سزاکەی هەڵپەسێدرابوو.