رووداو دیجیتاڵ
لە کەرکووک ژمارەی خێزانە عەرەب و تورکمانەکان لە گەڕەکە کوردنشینەکان زیادیکردووە. خاوەنی نوسینگەیەکی خانووبەرە دەڵێت، پێشتر لە مانگێکدا 8 بۆ 10 خانوو کورد دەیکڕی، ئێستا بووەتە نیوە بە نیوە.
زۆرترین بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەی پارێزگای کەرکووک لە گەڕەکی شۆراوەیە. شیڤان فەلاح خاوەن نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو بەرەیە و دەڵێت، "ئێستا نەتەوە جیاوازەکان بە یەک ئاست روو لەم گەڕەکە دەکەن، لەکاتێکدا پێشتر لەشۆراوە تەنیا کورد خانوو و زەویی دەکڕی، جگە لەپێکهاتەکانی پارێزگای کەرکووک، خەڵکانێک لە باشووری عێراقەوە هاتوون لەم گەڕەکە نیشتەجێن."
شیڤان دەشڵێت، "بەدواداچوونی خۆمان هەیە، بۆ نموونە لە مانگێکدا 8 بۆ 10 خانوو کورد دەیکڕی، بەڵام ئێستا بووەتە نیوە بەنیوە، واتە نیوەی کورد دەیکڕێ و نیوەی پێکهاتەکانی دیکە."
نەبوونی خزمەتگوزاری بووەتە هۆی هەرزانیی نرخی خانوو و زەوی لە گەڕەکی کوردستان، هەربۆیە زۆربەی ئاوارەکانی شەڕی داعش روو لە گەڕەکەکە دەکەن.
بەرزان و تەها لە گەڕەکی کوردستان دراوسێی یەکن، تەها ماوەی 6 ساڵە گوندەکەی خۆی لە سنووری حەویجە جێهێشتووە و چووەتە ئەو گەڕەکە.
ئەو دەڵێت، لە لایەک بەهۆی کەمیی نرخی کرێ و لەلایەکی دیکە ئاسوودەیە بە ژیان لەگەڵ کورد بۆیە لەوێ گیرساوەتەوە.
تەها موهەیمەن، دانیشتوویەکی عەرەبی گەڕەکی کوردستانە و دەڵێت، "من خۆم وا زیاتر لە 6 ساڵە لەم گەڕەکەم، لەم خانووە نیشتەجێبووم و دواتر گواستمەوە خانوویەکی دیکە، خانووەکە وێڕای ئەوەی بچووکە، بۆ ئێمە و خێزانەکەم گەورەیە، بەڵام دراوسێکانم سەرجەمیان کوردن، لای ئێمە جیاوازی نییە لەنێوان کورد و عەرەب، سەرووی هەموو شتێک خۆشەویستییە."
بەرزان هەمزە دانیشتوویەکی کوردی گەڕەکی کوردستانە و دەڵێت، "عەرەبی لێیە، تورکمانی لێیە، مەسیحیی لێیە، هەمووان بەیەکەوە وەک برا واین."
گەڕەکی کوردستان پێش 2003 سەربازگەبووە، کوردانی گەڕەکەکە دەڵێن، خراپیی خزمەتگوزاری و پەراوێزخستنیان لەلایەک و دۆخی سیاسی وایکردووە زۆرترین کورد جێیبهێڵن.
ئەرکان کەریم، دانیشتووی گەڕەکی کوردستانە و باس لەوە دەکات، "لەوکاتەوەی کە فرۆشراین پڕی عەرەب بوو، زۆربەی خەڵکی حەویجەن، بەڵام پێش شازدەی ئۆکتۆبەر هەموو کوردبوو."
خەلیل عەبدوڵڵا، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکی کوردستانە، دەڵێت، "ئێستا کورد کەم ماون، مەگەر ئەم دەنگدانە وابکات کورد بێتەوە."
نەخشەی جوگرافی وا هەڵکەوتووە، گەڕەکە زۆرینە عەرەبی و تورکمانییەکان کەوتوونەتە باشور و رۆژئاوای شارەکە، ناوچە کوردییەکانیش لەلای باکوور و رۆژهەڵاتن، بەڵام کورد جگە لەو ناوچانە پێشتر بەشێک لە دانیشتووانی باشوور و رۆژئاوای پێکدەهێنا، ئێستا خەریکە ژمارەی لەو شوێنانە زۆر کەم دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ