لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئامەد دوو کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە شارۆچکەی بسمیلی سەر بە ئامەدی باکووری کوردستان، دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکە ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 29-11-2023، روویداوە.
رووداوەکە لە ناوچەی کاراکۆپروی شارۆچکەی بیسمیلی ئامەد روویدا. ئۆتۆمبیلێک لە دواوە خۆی کێشا بە بارهەڵگرێک و لە ئاکامدا فەیزی گوموش (32 ساڵ) و قادری گوموش گیانیان لەدەستدا. دوای ئاگادارکردنەوەی تیمەکانی فریاکەوتن دەرکەوت ئەو دوو کەسە هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە.
تەرمەکان گواسترانەوە بۆ دادپزیشکیی بسمیل و پۆلیسیش دەستی بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرد.
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیادا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و دوو هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش بریندار بوون.
هەروەها بەگوێرەی راپۆرتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی تورکیا، لە یەکەمین هەشت مانگی 2023 (کانوونی دووەم تاوەکو ئەیلوولی 2023) 335 هەزار و 111 رووداوی هاتوچۆ لە باکووری کوردستان و تورکیا روویانداوە و بە هۆیانەوە هەزار و 946 کەس گیانیان لەدەستداوە و 234 هەزار و 688 کەسیش بریندار بوون.