ئاسایشی هەرێمی کوردستان 2 بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە 50 کیلۆ 'کریستاڵ'ـەوە دەستگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکدا، دوو بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکردووە لەگەڵ 50 کیلۆگرام کریستاڵ(جۆرێکی مادەی هۆشبەرە).
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023 دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت، لێکۆڵینەوەی وردیان لەبارەی ئەو دوو بازرگانەوە کردووە و لە کاتی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکاندا هێزەکانیان لە ئۆپەراسیۆنێکدا ئەو دوو بازرگانەیان دەستگیریان کردوون و دەستیان گرتووە بەسەر 50 کیلۆگرام مادەی کریستاڵ.
دەزگەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە کە رۆژی 17-11-2023 ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە و تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکردووە. بەڵام لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە شوێنی دەستگیر کردنی تۆمەتبارەکان نەدراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، ئێستا تۆمەتبارەکان بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و کارتێکەرە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگەی ئاسایش "27-11-2023 لە شاری کەلار ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا بۆ دەستگیر کردنی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر."
ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەش کرد کە لەکاتی جێبەجێکردنی فەرمانی دادوەر بۆ دەستگیر کردنیان، "تۆمەتباران هەوڵی هەڵاتن و رووبەڕووبونەوەی چەکدارییان دا." بەڵام هێزەکانی ئاسایش "توانییان بەزووترین کات هەر سێ تۆمەتبار دەستگیربکەن و یەکێک لە تۆمەتباران لە کاتی رووبەڕووبونەوەدا بە برینداری دەستگیرکرا."