ساڵی نوێ 4469 شوقە و خانوو بەسەر زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزە لە رووها دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی یەکینەکانی نیشتەجێبوون (TOKI) لە ماوەی مانگێکدا 897 شوقە و خانوو بەسەر زیانبەرکەوتووانی پارێزگای رووهای باکووری کوردستاندا دابەشدەکرێت و لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی 2024 کلیل رادەستی چوار هەزار و 469 ماڵباتی زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزە دەکرێت.
پرۆژەکانی تایبەت بە یەکینەی نیشتەجێبوون بۆ زیانبەرکەوتووانی بوومەلەرزەکەی 6-2-2023 بەردەوامن و بڕیارە بەر لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی 2024، چوار هەزار و 469 شوقە و خانوو لە پارێزگای رووها رادەستی زیانبەرکەوتووان بکرێت.
رووها یەکێک لەو 11 پارێزگایەی باکووری کوردستان و تورکیایە کە زیانی زۆری بەرکەوت. سەرۆکایەتیی یەکینەکانی نیشتەجێبوون رۆژی پێنجشەممە، 30-11-2023 بڵاویکردەوە، بەر لە هاتنی ساڵی نوێ، بەشێک لەو یەکینە تەواوکراوانە رادەستی خەڵک دەکەن.
حەسەن شڵداک، پارێزگاری رووها رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دراوە و دەدرێت بۆ ئەوەی بەر لە هاتنی ساڵی نوێ، بەشێکی دیکە لە زیانبەرکەوتووان بڕۆنە نێو لانەی خۆیان. شڵداک هەروەها گوتی، "لە شارۆچکەی ئەیوبیە 363، لە بیرەجیک 534 کە دەکاتە 897 شوقە و خانوو، بەوپەڕی خێراییەوە کاریان لەسەر دەکرێت. ئامانجمان ئەوەیە چی زووە رادەستی خاوەنەکانیان بکەین. پرۆژەکانی دیکەش ئایاری 2024 تەواو دەبێت".
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕیی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر، کە چەقەکەیان مەڕەشی باکووری کوردستان بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی دەوڵەتی تورکیا، ژمارەی گیانلەدەستدان لە بوومەلەرزەکانی مەڕەش و دەوروبەری، 50 هەزاری تێپەڕاند.