لە رۆژهەڵاتی کوردستان حەوت کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ
 
لە سێ رووداوی هاتووچۆدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە برینی دوو کەسیان قورسە و تەندروستیان ناجێگیرە.
 
هەر سێ رووداوەکە ئێوارە و شەوی رابردوو لە سێ پارێزگای ورمێ، سنە و کرماشان روویانداوە.
 
عیسا کەلانتەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچوی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لەسەر رێگەی سنە-مەریوان رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری پراید و پیژۆ 405 روویدا و لە ئەنجامدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسیش بریندار بوون.
 
محەممەدباقر محەممەدی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای کرماشانیش رایگەیاند، بەهۆی پێکدادانی بارهەڵگرێک لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لەسەر رێگەی فیرۆزان-کەنگاوەر، 3 کەس لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بریندار بووە.
 
بە گوتەی محەممەدباقر محەممەدی، پێکدادانەکە زۆر سەخت بووە و تەرمی سێ قوربانی رووداوەکە دوای هەوڵدانێکی زۆری تیمەکانی فریاکەوتن لە ناو پارچە ئاسنی ئۆتۆمبێلەکە دەرهێنراون.
 
لە لایەکی دیکەوە، حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ رایگەیاند، کاژێر 11ی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان ورمێ و مهاباد شەش ئۆتۆمبێل پێکیانداداوە و بەهۆیەوە هەشت کەس بریندار بوون کە لە لایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکان گوازرانەوە.
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدەدەن.
 
کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رۆژی یەکشەممە، 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، لە سەرەتای نەورۆزی ئەمساڵەوە تائیستا زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو  7.3% زیادی کردووە.
 
کەمال هادیانفەر لە 30-7-2023شدا گوتبووی، رۆژانە لە نێوان 50 بۆ 60 کەس لە ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانیش نەبوونی مەرجی سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەکانە.