هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئامەد سزای زیاتر لە نۆ ساڵ بەندکردن درا
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانی ئامەد، کە قەیومێکی ئاکپارتی لە شوێنەکەی دانراوە، سزای زیندانیی 9 ساڵ و 4 مانگ و 15 رۆژی بەسەردا سەپێندرا.
سەلچوک مزراکڵی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئامەد، کە هەدەپە بوو، ساڵی 2019 لادرا و قەیوم لە شوێنەکەیدا دانرا.
لە دانیشتنی دادگەییدا لە سێیەمین دادگەی سزاکانی ئامەد رۆژی چوارشەممە 29-11-2023، دادوەر بڕیاری سزای زیندانیی 9 ساڵ و 4 مانگ و 15 رۆژی بەسەر سەلچوک مزراکڵی، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی ئامەد خوێندەوە. مزراکڵی تۆمەتی 'ئەندامبوون لە رێکخراوی چەکداری' بەسەردا سەپێندرا.
پارێزەرانی مزراکڵی جەختیان لەسەر بێتاوانیی بریکاردەرەکەیان کردەوە و داوای ئازادکردنیان کرد. ئەمە لەکاتێکدایە مزراکڵی لە گرتووخانەی ئەدیرنە دەستبەسەرە.
لە هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانیدا کە 31-3-2019 بەڕێوەچوو، سەلچوک مزراکڵی کە بەربژێری هەدەپە بوو 62.9%ی دەنگەکانی بردەوە و بووە سەرۆکی شارەوانیی ئامەد. بەڵام لە هەمان ساڵدا بە بڕیاری وەزارەتی نێوخۆی تورکیا مزراکڵی لە کارەکەی دوورخرایەوە و دواتریش درایە دادگە. مزراکڵی تۆمەتی بەشداریکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی دراوەتە پاڵ، بەڵام مزراکڵی بە تەواوی ئەمە رەتدەکاتەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانیی باکووری کوردستان و تورکیا کە 2019 بەڕێوەچوو، هەدەپە، کە ئێستا لە ژێر چەتری هەدەپ سیاسەت دەکات، 65 شارەوانیی بردەوە. ئێستا تەنیا سێ شارەوانیی بەدەستەوە ماون و ئەوانی دیکە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە قەیومیان بۆ دانراوە.