میدیای فەرمیی تورکیا: میت بەرپرسێکی پەکەکەی لە شنگال کردە ئامانج


رووداو دیجیتاڵ 

میدیای فەرمیی تورکیا دەڵێت، دەزگای هەواڵگری تورکیا ناسراو بە میت بەرپرسێکی پەکەکەیان لە سنووری شنگال کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە. فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال دەڵێت، هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەوە نییە کە ئەمڕۆ ئۆتۆمبێل کرابێتە ئامانج. 
 
رۆژی چوارشەممە 30-11-2022، میدیای فەرمیی تورکیا بڵاویکردەوە: "دەزگای هەواڵگری تورکیا - میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی شنگال بەرپرسێكی هەواڵگری پەکەکەی بە ناوی فاتمە ئۆنوور کردە ئامانج." 
 
میدیای فەرمیی تورکیا وێنەی ئۆتۆمبێلێکی بڵاوکردووەتەوە کە گڕی گرتووە، بەڵام ئاماژەی بە شوێن و کاتی رووداوەکە نەکردووە. 
 
لەو بارەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 30-11-2022، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان لە شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلکدا تەقیەوە و ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە کەسێک بەناوی شەمۆ برینداربووە کە هاووڵاتییەکی ئێزدیی خەڵکی سنووری شنگالە و لەگەڵ لایەنەکانی پەکەکەدا کار دەکات." 
 
شەشۆ گوتیشی، ئەمڕۆ هیچ زانیارییەکیان پێنەگەیشتووە کە ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە کرابێتە ئامانج و بۆردوومان کرابێت. 
 
هەروەها بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە پشتی بە بەرپرسێکی ناحیەی سنوونێ لە سنووری شنگال بەستووە: "ئەمڕۆ لە سنووری شنگال هیچ بۆردوومان و رووداوێک نەبووە و ئۆتۆمبێلیش نەکراوەتە ئامانج." 
 
بە پاساوی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە، تورکیا ناوبەناو لە رێگەی درۆن و فڕۆکەی جەنگییەوە سنووری شنگال بۆردوومان دەکات.