مەسرور بارزانی و باڵیۆزی نوێی کوێت پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولا تاوتوێ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی کوێت لە عێراق کۆبووەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەردوولایان تاوتوێ کرد.
رۆژی چوارشەممە 30-11-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە تارق عەبدوڵڵا فەرەج، باڵیۆزی نوێی کوێت لە عێراق کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی کوێت کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی کوێت کرد و خواستی پەرەپێدانی پەیوەندی هەمەلایەنەی لەگەڵ کوێت دووپاتکردەوە.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزی کوێت ستایشی پرۆسەی ئاوەدانی و پێشکەوتنی کوردستانی کرد و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان و ئاڵۆگۆڕی بازرگانی نیشاندا.