بەرگریی شارستانیی ئاکرێ: لێچوونی غاز لە چێشتخانەیەک روویدا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، بەهۆی لێچوونی غازەوە سیستمی غازی چێشتخانەیەکیان داخستووە تاوەکو ئەو کاتەی تیمەکانی چاککردنەوە چارەسەری تەواوەتی بۆ دەکەن. ئەو هەواڵانەش رەتدەکاتەوە گوایە گەڕەکێک بەهۆی ئەو لێچوونەوە چۆڵکرابێت.
شەوی چوارشەممە، 30-11-2022، ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ لەبارەی لێچوونی غاز لە سیستمی غازی LPG لە شوێنێکی قەزاکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمشەو دوای ئەوەی هاووڵاتییان تیمەکانی ئێمەیان لە قەزای ئاکرێ لە لێچوونی غاز لە یەکێک لە چێشتخانەکانی شارەکە ئاگادارکردەوە، دوای پەیوەندیکردن بە خاوەنی شوێنەکە و گەیشتنی تیمەکانمان، دەرکەوت لێچوون لە سیستمی غازی ئەو شوێنەوە هەیە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ روونیشیکردەوە، دوای ئەوە غازەکەیان گرتەوە و مۆریان لێدا کە نابێت ئەو شوێنە غاز بەکاربهێنێت تاوەکو ئەو کاتەی تیمەکانی چاککردنەوەی کۆمپانیا دەچنە ئەو شوێنە و بە تەواوەتی چارەسەری دەکەن.
ئەو رووداوەی قەزای ئاکرێ لە کاتێکدایە، ئەمشەو لە سلێمانی بەهۆی لێچوونی غازەوە مۆتێلێک لە گەڕەکی عەقاری چۆڵکرا.
شەوی چوارشەممە، 30-11-2022، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لەبارەی داخستنی مۆتێلی "گوڵی لالە" لە گەڕەکی عەقاریی شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە لە لێچوونی غاز لە سیستمی غازی مۆتێلەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوونە مۆتێلەکە و دوای ئەوەی دەرکەوت سیستمی غازی مۆتێلەکە لێچوونی هەیە، غازەکەی گیرایەوە و سەرنشینانی مۆتێلەکە دەرهێنران و ئیزن دران."
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتیشی، "لەبەر سەلامەتیی گیانی سەرنشینانی مۆتێلەکە، بڕیاری داخستنی مۆتێلەکەمان دا تا ئەو کاتەی دڵنیادەبینەوە لەوەی کێشەی نییە."
رۆژی پێنجشەممە، 17-11-2022، لە سلێمانی سیستمێکی گازی شۆڤاژ تەقییەوە و بەهۆیەوە 15 کەس کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.
شەوی دووشەممەش، 21-11-2022، تانکیی گازی سەمونخانەیەک لە دهۆک تەقییەوە، بەو هۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 31 کەسیش برینداربوون. هەر دوای رووداوەکە بڕیاردرا کە کارکردن بە سیستمی گازی شۆفاژ LPG رابگیرێت و کۆمەڵێک رێنمایی نوێ بۆ بەکارهێنانی گازی ماڵان دەربکرێت.
دوای ئەو رووداوانەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کارکردن بە سیستمی غاز رابگیرێت و ژمارەیەک رێنمایی دەرکرد.