بەهۆی لێچوونی غازەوە مۆتێڵێک لە سلێمانی چۆڵکرا
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی لێچوونی غازەوە مۆتێلێک لە شاری سلێمانی داخرا. دەشڵێت، "سیستمی غازەکەی گیرایەوە و بۆ سەلامەتیی گیانی ئەو کەسانەی لە مۆتێلەکەدا بوون، مۆتێلەکەمان چۆڵکرد."
شەوی چوارشەممە، 30-11-2022، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لەبارەی داخستنی مۆتێلی "گوڵی لالە" لە گەڕەکی عەقاریی شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی ئاگادارکراینەوە لە لێچوونی غاز لە سیستمی غازی مۆتێلەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی چوونە مۆتێلەکە و دوای ئەوەی دەرکەوت سیستمی غازی مۆتێلەکە لێچوونی هەیە، غازەکەی گیرایەوە و سەرنشینانی مۆتێلەکە دەرهێنران و ئیزن دران."
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتیشی، "لەبەر سەلامەتیی گیانی سەرنشینانی مۆتێلەکە، بڕیاری داخستنی مۆتێلەکەمان دا تا ئەو کاتەی دڵنیادەبینەوە لەوەی کێشەی نییە."
رۆژی پێنجشەممە، 17-11-2022، لە سلێمانی سیستمێکی گازی شۆڤاژ تەقییەوە و بەهۆیەوە 15 کەس کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون.
شەوی دووشەممەش، 21-11-2022، تانکیی گازی سەمونخانەیەک لە دهۆک تەقییەوە، بەوهۆیەوە حەوت کەس گیانیان لەدەستدا و 31 کەسیش برینداربوون. هەر دوای رووداوەکە بڕیار درا کە کارکردن بە سیستمی گازی شۆفاژ LPG رابگیرێت و کۆمەڵێک رێنمایی نوێ بۆ بەکارهێنانی گازی ماڵان دەربکرێت.
دوای ئەو رووداوانەش حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا کارکردن بە سیستمی غاز رابگیرێت و ژمارەیەک رێنمایی دەرکرد.