فڕۆکەخانەی سلێمانی: مەرجی بەڵگەنامەی ڤاکسین بۆ گەشتکردن هەڵگیرا

30-11-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، هێشتا هیچ نووسراوێکیان لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانییەوە پێنەگەیشتووە بۆ هەڵگرتنی مەرجی بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسین. گوتیشی، رەنگە رۆژی پێنجشەممە بگات. فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیش دەڵێت، لە رێنماییە نوێیەکاندا مەرجی بەڵگەنامەی ڤاکسین هەڵگیراوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی هەڵگرتنی مەرجی بوونی بەڵگەنامەی وەرگرتنی ڤاکسین بۆ گەشتکردنی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "لە رێنماییەکی نوێدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراقی سەرجەم گەشتیارانی عێراقی و بیانی و هێڵە ئاسمانییەکان ئاگادار دەکاتەوە لە رێککەوتی 1-12-2022ـەوە لەکاتی گەشتکردنی (هاتن و رۆشتن) لە فڕۆکەخانەکانی عێراق پێویستیان بە هیچ بەڵگەنامەیەکی ڤاکسین یاخود پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا نابێت."
 
بەڵام ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، شەوی چوارشەممە، 30-11-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێشتا هیچ نووسراوێکمان لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانییەوە بۆ هەڵگرتنی مەرجی بەڵگەنامەی ڤاکسین بۆ گەشتکردنمان پێنەگەیشتووە، ئەگەری هەیە رۆژی پێنجشەممە ئەو نووسراوەمان پێبگات."
 
رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، وەزارەتى تەندروستیى عێراق بەڵگەنامەى نێودەوڵەتیى تایبەت بە ڤاکسینى کۆرۆناى بۆ گەشتکردن بۆ دەرەوە و بەپێچەوانەوە هەڵوەشاندەوە، بڕیارەکەش لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە کاری پێدەکرێت، هاوکات بەستنى ماسک جگە لە فەرمانگەکانى ئەو وەزارەتە، بۆ شوێنەکانی دیکە کرایە ئارەزوومەندانە.
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 458 هەزار و 874 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە حەوت هەزار و 468 تووشبوو گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی 30ى تشرینى دووەمى 2022، وەزارەتى تەندروستیى عێراق سێ بڕیارى لەبارەى کۆرۆنا دەرکرد و ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى کردووە.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، بڕیاردراوە لە رۆژی پێنجشەممەوە یەکى کانوونى دووەمى 2022، کار بە بەڵگەنامەى نێودەوڵەتیى وەرگرتنى ڤاکسینى کۆرۆنا نەکرێت بۆ ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوە دەکەن یان بەپێچەوانەوە، ئەگەر ئەو گەشتیارانە عێراقى بن یان بیانی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە