خاوەن هۆتێلێک لە سلێمانی: 100% باج زیادکراوە لەسەرمان

رووداو دیجیتاڵ 

زۆربوونی باجی ساڵانە لەسەر هۆتێل، مۆتێل و رێستۆرانتەکان بووە بە باسی گەرمی رۆژانەی ئەو کەسانەی خاوەنی ئەو کارانەنن. 
 
پەیامنێری رووداو چووەتە هۆتێل خانزاد کە یەكێکە لە هۆتێلەکانی سلێمانی؛ تەحسین عەبدوڵڵای خاوەنی هۆتێلەکە گوتی: باج هێندە زۆر بووە دەتوانم بڵێم، پێنج هێندە زیادی کردووە، جگە لەوەش بێ بازاڕی و نەبوونی کار هەراسانی کردووین. 
 
تەحسین عەبدوڵڵا دەڵێت: بەڕاستی باج زۆر بووە لەسەرمان ئەگەر لەچاو ساڵی 2019 باس بکەین، ئەگەر ئەوکات 50% بووبێت ئێستا بووەتە 100%؛ ئەگەر پێشتر 200 هەزارم دابێت بە باج ئەمساڵ یەک ملیۆن و 700 هەزارم داوە ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە گەشتیار نەماوە. 
 
لە کۆمەڵەی میوانخانەکانی سلێمانی هەزار و 651 بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون، رۆژانە خاوەنەکانیان گلەی و گازندە دەبەنە ئەوێ و دەڵێن، باج زیادیکردووە، کرێی کارەبا زیادیکردووە، تەنیا تواندراوە قەرزی کارەبایان بۆ بکرێت بەقیست ئەگەرنا هیچی دیکە نەکراوە و 75 جێگەشیان داخراون. 
 
مەحموود تۆفیق، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانەکان بە رووداوی گوت: هەرکەس دەیەوێت مۆڵەت دەربکات بۆ شوێنە گەشتیارییەکەی دێتە لای ئێمە فۆڕمی دەدەینێ و دەیباتە تەندروستی، گەشتوگوزار، ئاسایش و قایمقامیەت لە هەموویان پارەیان لێوەردەگرێت جگە لە ئاسایش نەبێت. 
 
زۆری باج و کەمبوونەوەی مامەڵەی کڕین و فرۆشتن تەنیا نەبووەتە هۆکار بۆ داخستنی هۆتێل و رێستۆرانتەکان، بەڵکو بەپێی ئامارەکانی ژووری بازرگانیی سلێمانی، لە شارەکەدا 500 کۆمپانیا هەڵوەشاوەتەوە، 663 نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی داخراون، 146 کارگە پرۆژەی پیشەسازی پرۆژەكانیان هەڵوەشاندووەتەوە، 82 پێشانگای ئۆتۆمبێل مۆڵەتەكانیان رەتكردووەتەوە. 
 
ئەمە لەکاتێكدایە، بەپێی هەمان ئاماری ژوورە بازرگانییەکە سەدان کۆمپانیای دیکە کارەکانیان راگرتووە یان کۆتاییان پێهێناوە.