تانكەرێكی سووتەمەنی لە بازگەی سەیدسادق گڕ دەگرێت

30-11-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
تەنکەرە سووتاوەکە کە خۆی کێشابوو بە بازگەکەدا
تەنکەرە سووتاوەکە کە خۆی کێشابوو بە بازگەکەدا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی لە دەستدانی کۆنترۆڵ، تانكەرێكی سووتەمەنی خۆی بە بازگە گرێزەدا لە سەیدسادق دەکێشێت و بازگەکە بە تەواوەتی دەسووتێنێت و ئۆتۆمبێلێکیش کە لەدوای تانکەرەکە بووە، ئاگر دەگرێت و شۆفێرەکەی بە سووکی بریندار دەبێت.
 
نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی چووە شوێنی رووداوەکە و رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 30-11-2022، لە بازگەی گرێزە لەنێوان سەیدسادق - سلێمانی بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ تانکەرێکی سووتەمەنی خۆی بە بازگەکەدا دەکێشێت و گڕ دەگرێت و بازگەکە و ئۆتۆمبێلێکیش دەسووتێن.
 
تانکەرەکە بەنزینی پێبووە، لە رێگەی پێنجوێنەوە ویستوویەتی بچێتە سلێمانی. پێش ئەوەی بگاتە بازگەی گرێزە، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و خۆی بە بازگەکەدا کێشاوە و گڕی گرتووە.
 
لەو رووداوە جگە لە زیانی ماددی کە بەر بازگەکە کەوتووە و سووتاوە، ئۆتۆمبێلیێکیش لە جۆری پیکاب نیسان مۆدێل 2002 سووتاوە کە لە دوای تانکەرەکە بووە. هاونیشتمانییەک دەڵێت، ئۆتۆمبێلە سووتاوەکە ئۆتۆمبێلی مامی بووە و باسی لەوە کرد، بەهۆی گڵپەی ئاگرەکەوە مامی بەشێکی دەموچاوی سووتاوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
 
بەگوتەی شاهێدحاڵەکانیش، ئەمە یەکەمین و دووەمین رووداو نییە لە بەردەم ئەو بازگەیە روودەدات. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ماوەکانی رابردوودا 10 رووداوی هاتووچۆ لەبەردەم بازگەکە روویانداوە، هۆکارەکەشی بۆ لووسیی شەقامەکە دەگەڕێندرێتەوە کە کۆنکرێتە.
 
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا ئەمە دووەمین رووداوە لەو بازگە تازەیەی سەیدسادق - سلێمانی روودەدات، رۆژی 17-11-2022 بەهەمانشێوە تانکەرێک بەهۆی تەڕیی شەقامەکە لەکاتی بارانبارین کۆنترۆڵی لەدەستدا و خۆی بەو بازگە نوێیەدا کێشا کە هێشتا تەواو نەکرابوو، بەهۆی رووداوەکەشەوە شۆفێری بارهەڵگرەکە کە خەڵکی ئێران بوو، گیانی لەدەستدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە