بافڵ تاڵەبانی: داوای لێبووردن لە خوێندکاران دەکەم

 
رووداو دیجیتاڵ
 
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  داوای لە خوێندکاران کرد لە بۆ ھەر داواکارییەک پەنا بۆ رێگای مەدەنی و شارستانی ببەن و دووربکەونەوە لە تووندوتیژی و یاساشکێنی، دەشڵێت"رێمەدەن کەسانی ھەلپەرست داوا رەواکانی ئێوە بە لاڕێدا بەرێت ئەمە خزمەت بە خواستەکانتان ناکات، داوام وایە قەت ئەم رێگایە ھەڵنەبژێرن و بیری لێنەکەنەوە".
 
ئەمڕۆ سێشەممە 30-11-2021، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوای رۆژێک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە خوێندکارانی ناڕازی و خۆپێشاندەر لە سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە.
 
بافڵ تاڵەبانی لە پەیامەکەیدا  دەڵێت: "ئەو تووندوتیژیانەی بە ناڕەوا بەرامبەر هەندێک لە خوێندکاران کرا زۆر نیگەرانی کردم، لە دڵەوە داوای لێبووردن لە کوڕ و کچ و خوشک و براکانم دەکەم، کە بە ئومێدەوە بەرەوە داھاتوویەکی گەش ھەنگاودەنێن لەپێناو نەکوژانەوەی چرای زانست و بژێوی ژیانیان و لەسەر شەقام داوای قوت و مافی خۆیان دەکرد."
 
هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا بەڵێن بە خوێندکاران دەدات کە لە پێناو داھاتوویان ئێوە و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان " گۆڕانکاری گەورە" دەکەن. دەشڵێت: "لەمەودوا نزیکتر لەگەڵ توێژی گەنجان و خوێندکاران پێکەوە کاردەکەین لە پێناو ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەلەکەمان بۆ ھەر داھێنان و سەرکەوتنێک، داکۆکیکاری بەدیھێنانی ئاواتەکانیشتان دەبم".
 
رۆژی 28-11-2021 هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ماوەی هەشت کاژێر لەگەڵ ژمارەیەک خوێندکاری ناڕازی کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەگەر لەڕێگەی حکومەتەوە چارەسەری کێشەکانیان نەکرێت لەڕێگەی حیزبەوە چارەسەری دەکەن. 
 
بافڵ تاڵەبانی گوتی: "لەگەڵ خوێندکارەکان دانیشتین، من هیچ داواکارییەکم نەبوو لێیان، حەزم دەکرد حکومەت باشتر ئاگای لێیان بێت، ئەوانە کوڕ و کچی ئێمەن و بەداخەوە نەتوانراوە وەکو پێویست داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەین، وەکو حیزب میکانیزمێک بۆ چارەسەری کێشەکان دەدۆزینەوە، داواکارییەکانیش حەقی خۆیان بوو".
 
هەفتەی رابردوو خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان، بە تایبەتی لە دەڤەری سلێمانی رژانە سەر شەقامەکان و داوای گەڕاندندەوەی دەرماڵەی خوێندکارانیان کرد، کە لە ساڵی 2014 بەهۆی قەیرانی دارایی و بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان، بڕدراوە.
 
خۆپێشاندانەکان تووندوتیژیان لێکەوتەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپێشاندەر بریندار بوون و ژمارەیەکیشیان دەستگیرکران، کە بە گوتەی پەرلەمانتاران هەندێکیان تائێستا ئازاد نەکراون. هەروەها ژمارەیەک فەرمانگەی حکومەت لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە سووتێندران.
 
رۆژی چوارشەممە 24-11-2021 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بە مەبەستی باشترکردنی بەشە ناوخۆییەکان و بارودۆخی خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان، پشتیوانیی دارایی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی تەرخان بکرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 30-11-2021 وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لە بارەی ئەو بڕە پارانە بڵاوکردەوە، کە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیان خەرجکردووە، وەک لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "لە ماوەی ئەمساڵدا تاوەکو 24-11، رەزامەندیمان لەسەر 369 نووسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەربڕیوە، کە بڕەکەی 14 ملیار و 262 ملیۆن و 911 هەزار و 240 دینار بووە".