رووداو-هەولێر
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، كە تێیدا دەردەكەوێت شۆفێری ئۆتۆمبێلێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە هێرشدەكاتە سەر یەكێك لەوانەی شەڕی لەگەڵ دەكات و برینداری دەكات، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. گوتەبێژی پۆلیسی هەولێریش روونكردنەوە لەبارەی ئەو رووداوە دەدات و دەڵێت "ئەو كەسەی دەكەوێتە ژێر ئۆتۆمبێلەكە سكاڵای هەبوو، بەڵام دواتر کشاندیەوە".
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو رووداوە لە 14-6-2019 لەناو شارۆچكەی عەینكاوە روویدا و گوتی "ئەو رووداوە سەرەتا لە دەمەقاڵێیەكی سادەوە دەستیپێكرد و دواتر ئەو تووندوتیژییەی لێکەوتەوە، هەر ئەو كاتەش سكاڵا تۆماركرا و پۆلیسیش بەدواداچوونی كرد".
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا سكاڵای ئەو رووداوە داخراوە و گوتی "ئەو كەسەی دەكەوێتە ژێر ئۆتۆمبێلەكە لە 24-10-2019 سكاڵاكەی کشاندەوە و بەوەش مەلەفەكە داخرا".
هاوکات عەقید فەخرەدین نووری، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی عەینکاوە بە رووداوی گوت "راستە پەڕاوی لێکۆڵینەوەکە دواخراوە، بەڵام داواکاری گشتیی عەینکاوە لە 20ـی ئەم مانگە پێداچوونەوە لەسەر کردووە و تاوەکو وەڵامی پێداچوونەوەکە نەیاتەوە، کێشەکە کۆتایی پێنایات".
ماوەی دوو رۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوبووەتەوە و ئەوەی لەو گرتە ڤیدیۆیەدا دەردەكەوێت، لە شوێنێكی هەولێر كەسێك بە ئۆتۆمبێلێكی بەرز هێرش دەكاتە سەر چەند كەسێك و دواتر دەڕوات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ