رووداو - هەولێر
پاش هۆشداری هه‌ندێ له سه‌ركرده‌كانی عێراق لەبارەی خراپی بارودۆخی ئەمنی موسڵ و چەند ناوچەیەکی دیکە، رۆژانه چه‌ندین خێزان له‌ڕێگه‌ی بازگه‌ی موسڵ هه‌ولێر ده‌گه‌ڕێنه‌وه هه‌رێمی كوردستان.
له دووری 15 کیلۆمەتر لە بازگه‌ی موسڵ - هه‌ولێر كه‌مپه‌كانی حه‌سه‌ن شام و خازر هەن، کە نزیكه‌ی 14 هه‌زار ئاوارەیان تێدا ده‌ژین. به‌هۆی ئه‌و مه‌ترسییه ئه‌منی و ئابوورییه‌ی كه له‌سه‌ر موسڵ دروستبووه رۆژانه 15 خێزان له موسڵ و ناوچه‌كانی دیكه‌وه نێو ئەو كه‌مپانە.
ئەوانەی روودەکەنە کەمپەکان، به‌شێكیان بۆ یه‌كه‌مجاره ئاواره ده‌بن. كه‌مپه‌كانیش پڕبوون، هه‌ر جێگایه‌ك به بۆشای مابێته‌وه خێمه‌یه‌كی تێدا جێگیرده‌كرێت.
مونیف ئه‌حمه‌د، ئاواره‌ی به‌عاج دەڵێت "نه دامه‌زراندن هه‌یه نه كار، بۆ كوێ بڕۆین؟ سوپاس بۆ نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌كان و ده‌زگای خێرخوازی بارزانی كه جێگایان كردووینه‌ته‌وه لێره. ئه‌گه‌رنا چیت بۆ باس بكه‌م له‌سه‌ر په‌رله‌مان، سوێند به‌خوا شه‌رم ناكه‌ن. ئه‌م خێوەتانە شه‌رم نییه بۆ ئێمه به‌ڵام جێگای شه‌رمه‌زارییه بۆ حكومه‌تی عێراق کە خێمه دابنێت لەکاتێکدا ئاڵتوونی ره‌ش له‌ژێر پێمدایه، كوا مافەکانمان".
به‌ده‌ر له خراپی دۆخی ئه‌منی، برسێتی و بێكاری ته‌نگی به خه‌ڵكی موسڵ هه‌ڵچنیووه. سه‌نا ئیسحاق، ئاواره‌ی موسڵ دەڵێت "زۆربه‌ی خه‌ڵكی له‌به‌ر برسێتی هه‌ڵدێت، نه ئیش هه‌یه نه كار؛ پیاومان نییه و ناچارین، ئه‌گه‌رنا كێ ژیانی نێو خێمه‌ی ده‌وێت ئه‌گه‌ر برسێتی و تینوێتی نه‌بێت".
ئاواره‌كان ئومێدیان به گەڕانه‌وه لاوازبووه، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق رێگه‌ی دیكه ده‌گرێته‌به‌ر. ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه به‌رده‌وامبێت ئه‌وا ده‌بێت بیر له دروستكردنی كه‌مپی دیكه بكرێته‌وه، له‌كاتێكدایه كه ملێونێك و 154 هه‌زار ئاواره له‌نێو كه‌مپه‌كاندان و قه‌یرانی دارایی‌ش به‌رۆكی باشووری كوردستانی به‌رنه‌داوه.
مو‌سا ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی ده‌زگای خێرخوازی بارزانی دەڵێت "هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تییەکان وه‌كو جاران نه‌ماون، ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م رێكخراو له‌نێو كه‌مپه‌كاندا هەن. هه‌روه‌ها هاوكاری كۆچ و كۆچبه‌ران كه په‌یوه‌ندیدارترین ده‌زگای عێراقییه به‌و ئاوارانه‌وه له ئاستی پێویستدا نییه، ئه‌وان له سه‌ره‌تای ساڵی 2018 ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه كه ئه‌و كه‌مپانه هه‌ڵده‌گیرێن، به‌ڵام نه‌یانتوانی".
به‌پێی به‌دواداچوونی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییەكان، ئه‌و هۆكارانه‌ی كه بووهنە هۆی ئاواره‌بوونی نزیكه‌ی سێ ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س لە عێراق، هێشتا ماون. به‌پێی دوایین داتای وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراقی هێشتا دوو ملیۆن و 400 هه‌زار كه‌س له عێراقدا ئاواره‌ن.
هۆشەنگ محەممەد، بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنێکی هەواڵەکانی رووداو رایگەیاند "بەداخەوە ئەمساڵ حکومەتی عێراق بۆ هاوکاری ئاوارەکان هیچی نەکردووە، چەندین دەرخستەمان لەڕووی خەرجی و دابینکردنی پێداویستییەکانەوە خستووەتە بەردەم لیژنەی باڵای هاوکاریکردنی ئاوارەکانی نێوخۆ لە عێراق، ئەگەرچی رەزامەندی لەسەر بودجەیەک بۆ بەڕیوەبردنی کەمپەکان پیشاندرا، کە بڕەکەی زیاتر لە دوو ملیار دیناربوو، هەروەها بڕی 65 ملیاری دیکەش، هاوکات پێدانی دوو ملیۆن دینار بە هەر رزگابووێکی کوردی ئێزدی دەستی داعش، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نەنێردراوە".
سەبارەت بە خەرجی ئاوارەکان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، هۆشەنگ محەممەد دەڵێت "بەگشتی مانگانە پێویستیمان بە 150 ملیۆن دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی تەواوی خزمەتگوزارییەکان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ