کانزا سروشتییەکانی سنە قازانجیان بۆ خەڵک نییە

رووداو - هەولێر

پارێزگای سنە چەندین کانگای دەوڵەمەندی تێدایە، کە بە بەرهەمهێنانی مادەکانی، دەتوانێت رۆڵێکی باش لە بووژانەوەی ئابووری ئەو پارێزگایە بگێڕێت.

بەرهەمهێنان لە کانگاکانی ئەو پارێزگایە، یەک لەوان کانگاکانی شاری قۆروە وەک پێویست سەرمایەگوزاری بۆ نەکراوە و کەڵکێکی ئەوتۆی بۆ خەڵک نییە. هەڵبەت هەندێک لە سەرمایەداران بە پرۆژەکانیان هەلی کاریان بۆ ژمارەیەکی کەم لە خەڵک رەخساندووە، بەڵام مووچەکانیان ماندووێتییەکەیان قەرەبوو ناکاتەوە.

ئەو بەرهەمە کانگایانەش بە خاوی دەنێردرێنە دەرەوەی شار و گوندەکانی ئەو پارێزگایە و جیا لەوەی قازانجی بۆ هاونیشتمانیان نابێت، خەسارێکی بەرچاوی بۆ ژینگە و کشتوکاڵی خەڵکی بوومی بە دواوە دەبێت.

جێگری پلاندانان و ئاوەدانی  قایمقامی قۆروە دەڵێت: خاو فرۆشی، نەبوونی کەرەستەی پیشەسازی، رەچاونەکردنی یاسای ژینگەپارێزی و بەرهەمە کانگاییەکان یەکێک لە گرفتەکانی کانگاکانی شاری قۆروەیە.

بە پێی ئامارە راگەیێندراوەکان، ٣ کانگای چالاکی بەردی مەڕمەڕ، ٣٢ کانگای چالاکی بەردی مەڕمەڕیت، ٩ کانگای بەردی مەڕمەڕیتی سوور، ٣ کانگای بەردی گەچی، ١٢ کانگای بەردی ئاسن، ١٢ کانگای بەردی ئاهەک، ٦٤ کانگای بەردی لاشە، ١ کانگای بەرد، ٣ کانگا پووکە، ١ کانگای فلۆرین، ٢ کانگای سیلیس، ١ کانگای ئانتیموان و ١ کانگای تراورتن لە پارێزگای سنەدا هەن، کە بە گشتی ١٤٢٠ ئەندازیار، تێکنێسیەن و کرێکار تێیدا کار دەکەن.

عەبدولمحەممەد زاهێدی پارێزگاری سنە دەڵێت: راستە کە خام فرۆشی لەو پارێزگایەدا دەکرێت، بەڵام ئێستا یەکێک لە یەکە بەرهەمهێنەرەکان رێگەی پێدراوە کە بە ئاڵوگۆر لە مادەکانگایەکان، بەرهەمی نوێ پێکبێنێت و ئەگەر کەرتە تایبەتەکان توانای بەرهەمهێنانیان نەبێت، حکوومەت لە رێگەی کۆمپانیای ئۆمیدڕوەوە دێتە نێو کاری بەرهەمهێنانی مادە کانگاییەکان.

زاهێدی ئاماژەی بە سەرمایە سەرگەردانەکان کردووە و گوتوویەتی: بە لەبەرچاو گرتنی ئەو داهاتە کەمەی کە خەڵی ئەو پارێزگایە لە ساڵدا هەیانە، سەرمایەی سەرگەردانی زۆر هەن، کە نە لە مامەڵەی بانکییەکاندا هەن و نە لە پەرەسەندی ئابووری پارێزگای سنە بە کار دەبردرێن.

جێگری پیشەسازی، بازرگانی و بازرگانی پارێزگای سنە دەڵێت: پێویستە خەڵک و بەرپرسانی حکوومی هەوڵبدەن سەرمایەداران رابگرن و پشتیوانییان لێ بکەن بۆ ئەوەی ئەوانیش بە مەبەستی رەخساندنی هەلی کار بۆ خەڵک هەنگاو هەڵبگرن.