دوای دوو ساڵ، دۆسیەی تەقینەوەی خانووەکەی نەوسوود رەوانەی دادگە کرا

رووداو دیجیتاڵ

دوای زیاتر لە دوو ساڵ، داواکاری گشتیی پاوە دۆسیەی تەقینەوەی ماڵێک لە شارۆچکەی نەوسوودی رەوانەی دادگە کرد و بەڕێوەبەرایەتی گازی کرماشان بە هۆکاری روودانی ئەو تەقینەوەیە دانراوە.
 
نەوید سەحرایی، داواکاری گشتیی پاوە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30-10-2024) رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە کۆتایی هاتووە و دۆسیەکە رەوانەی دادگەی پاوە کراوە تاوەکو بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت. 
 
سەحرایی دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان، دەرکەوتووە بەڕێوەبەرایەتیی گازی کرماشان، بەرپرسە لە تەقینەوەی ئەو خانووە. بڕیارە لقی دووی دادگەی تاوانەکانی پاوە لە رۆژانی داهاتوودا بڕیار لەسەر ئەو دۆسیەیە بدات.
 
رۆژی 09-06-2022 باڵەخانەیەکی سێ نهۆمی لە شارۆچکەی نەوسوود سەر بە شاری پاوە لە پارێزگای کرماشان بەهۆی لێچوونی گازەوە  تەقییەوە، بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و جگە لە رووخانی خانووەکە، زیانی زۆر بە چەندین ئۆتۆمبێل و خانووی دەوروبەریشی گەیشت.