خاتوونی ئێزدییان: 10 ساڵە رەخنە و گلەیی ئێزدییان دەگەیێنین و وەڵامی پێویستمان نەدراوەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
خاتوونی ئێزدییان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال رێکبکەون، گوتیشی، ''خەڵکی ئێمە لەژێر خێوەتێکەوە دووبارە بگەڕێنەوە ژێر خێوەتێکی دیکە لە شنگال، قبووڵکراو نییە.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 30-10-2024 لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێڵێکی تایبەتی دیداری مێری؛ میان خەیری، خاتوونی ئێزدییان سەبارەت بە دۆخی شنگال و کوردانی ئاوارەی ئێزدی رایگەیاند، ''ئێزدیان مێژووی چوار هەزار ساڵەیان هەیە، بەڵام داعش ویستی ئەم ئایینە کۆنە بە تەواوی لەنێوبەرێت، ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە دایکان و خوشکانی ئێمە، لە دەستی داعشدان و بێسەروشوێنن''.
3ـی ئابی 2014، داعش کۆمەڵکوژی لە شنگال کرد. چەکدارانی رێکخراوەکە 6 هەزار و 417 ژن و منداڵی ئیزدییان رفاند و ژمارەیەکی زۆریشیان لە بازاڕەکانیان کڕین و فرۆشتنیان پێکرا. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، کە سەر بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە، تائێستا 3 هەزار و 581 رفێندراو رزگار کراون.
میان خەیری گوتی: ''دوای 10 ساڵ لە جینۆسایدەکە، رزگاربووانی دەستی داعش کێشە و گلەیی زۆریان هەیە، بە دروستی ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە، پێویستە لەبواری دەروونییەوە چاکسازییان بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن دووبارە تێکەڵ بە کۆمەڵگە ببنەوە.''
ئەو خاتوونە ئێزدییە داوا دەکات، ناوەندێکی گەورەی چاکسازی دروست بکرێت، بۆ ئەوەی تێیدا رزگاربووانی دەستی داعش، لە بواری دەروونییەوە چاکسازییان بۆ بکرێت.
بەگوتەی میان خەیری 10 ساڵە رەخنە و گلەیی رزگاربووانی دەستی داعش دەگەیێندرێتە نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتان، حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ''بەڵام تائێستا وەکو پێویست وەڵامی داواکاریی ئێمەی ئێزدی نەدراوەتەوە.''
لەگەڵ دەستپێکردنی شاڵاوی ئاوارە و دەربەدەربوونی کوردی ئێزدی، حکومەتی هەرێمی کوردستان 15 کامپی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کردەوە، ئێستا ئەو کەمپانە زیاتر لە 124000 کەس لەخۆدەگرن، 230 هەزار کەسیش لە دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێ بوون.
هەروەها 01-03-2021، پەرلەمانی عێراق یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعشی پەسندکرد کە بەگوێرەی یاساکە بڕە پارەیەک وەکو مووچەی مانگانە بۆ رزگاربووان بڕاوەتەوە و چەندین خاڵی دیکەی لە بەرژەوەندیی ئەوان تێدایە.
میان خەیری جەختی لەوە کردەوە، پێویستە یاسای ئافرەتە ئێزدییە رزگاربووەکانی دەستی داعش وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت. ''بەڵام زۆر خاڵی تێدا باس کراوە کە تائێستا بەشێوەیەکی دروست جێبەجێ نەکراون.'' گوتیشی، ''ئەو مووچەیەی کە بۆیان بڕاوەتەوە، کێشەی تێدایە، ماوەیەک هەر دواخرا، تاوەکو ئیستاش بەشێک وەریانگرتووە و بەشێکیش ماونەتەوە.''
خاڵێکی نێو یاساکە باس لە پێدانی زەویی نیشتەجێبوون یان یەکەی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەر دەکات، ئەو خاتوونە ئێزدییە دەڵێت: ''پارچە زەوییەکیان لە شنگال پێدەدرێت، لەگەڵ شەش ملیۆن دینار، بۆ ئەوەی خانووی لەسەر دروست بکەن، بەڵام ئەوان دەبێت 10 ملیۆن دیناری لێ خەرج بکەن، بۆ ئەوەی تەنیا زەوییەکەی پێ تەخت بکەن''.
بەگوتەی میان خەیری، جینۆسایدی کوردی ئێزدی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کۆمەڵگەکە داناوە و باس لەوە دەکات، ''ئەوە خەریکە زستان دێت، بەڵام زیاتر لە 300 هەزار ئێزدی لە ژێر خێوەتدا دەژین، بۆیە تاوەکو ئێستاش لە بواری ماڵی، دەروونی و رۆحییەوە شتێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە.''
چەندین جار ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە هەموو هەوڵی خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی کوردی ئاوارەی ئێزدی بگەڕێننەوە شنگال؛ میان خەیری پێیوایە، ''ئەمە هەنگاوێکی باشە، بەڵام کاتێک خەڵکی ئێمە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، دەبێ سەرەتا بەڕێوەبەرییەک، خزمەتگوزارییەک یان سندووق و بودجەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی شنگال و ژیانی ئەو خەڵکە دابین بکرێن.''
ئەو خاتوونە ئێزدییە رەخنە لە شێوەی نۆژەنکردنەوەی شنگال و پڕۆسەی گەراندنەوەی ئاوارەکان دەگرێت و دەڵێت: ''خەڵکی ئێمە لە ژێر خێوەت دووبارە بگەڕێنەوە ژێر خێوەتێکی دیکە لە شنگال، ئەمە شتێکی قبووڵکراو نییە.''
میان خەیری داوا لە حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، ''بە بڕیارێکی فەرمی'' دان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا بنێن، ''راستە ژمارەیەک لە وڵاتان دانیان بە جینۆسایدەکە داناوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەم بابەتە بڕیاری [فەرمی] لەسەر بدرێت.''
ئەو خاتوونە ئێزدییە زیاتر باسی دۆخی خراپی ئاوارەکانی شنگال دەکات و دەڵێت: ''تاوەکو ئێستا نەمبینیوە خەڵک لە وڵاتی خۆیاندا پەنابەر بن، جگە لە ئێزدییان. مرۆڤایەتیش قبووڵ ناکات ئاوارەی ئێزدی بەوشێوەیە 10 ساڵ لە ژێر خێوەتدا بژین.''
تشرینی یەکەمی 2020 رێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال واژۆکرا کە چەندین خاڵی گرنگ لەخۆ دەگرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەنگاوێکی کردەیی ئەوتۆ لەلایەن بەغداوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە نەنراوە.
میان خەیری داوای کرد، رێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان حکومەتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان [بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال] بکرێت و گوتی: "ئێمە بووینەتە قوربانیی ململانێی سیاسی."
میان خەیری، هەنگاوەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەبارەت بە چاککردنی دۆخی ئاوارەی ئێزدی بە "باش" ناوە، ''بەڵام پێویستە بایەخی زیاتر بە پرسەکە بدات و لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکار بن بۆ ئەوەی دان بە جینۆسایدی ئێزدییاندا بنرێت''.
زیاتر لە 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردانی ئێزدیدا تێدەپەڕێت. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2800 کوردی ئێزدیی رفێندراو لەلایەن داعشەوە بێسەروشوێنن؛ هەروەها لە 119 گۆڕی بەکۆمەڵ 83 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و زیاتر لە نیوەی رووفاتەکانیش لە بەغدان.