نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا: ئابوورییانە بیر لە بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە نەوەک سیاسی

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە بابەتی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە، زەرەرمەندی هەرە گەورە عێراق بووە، بۆیە لە دیداری مێرییەوە داوایەکی ئاراستەی بەغدا کرد
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 30-10-2024) لە دیداری مێری لەبارەی چەندین بابەت لەوانە، هەڵبژاردن، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پێکهێنانی حکومەتی نوێ، پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا، پرۆسەی چارەسەری و دۆخی ناوچەکە قسەی کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند بانگەشەی هەڵبژاردن و بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەوە دەردەخات "پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی باش و لەسەر رێچکەیەکی دروست خەریکە گەشە دەکات."
 
نێچیرڤان بارزانی لە دیداری مێری لە دوایین پانێڵدا کە بە ناونیشانی "هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەوروبەرێكی پشێودا: دیدگا و ئاراستەکان"ـە، قسەی کرد.
 
سەرەتای قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو. نێچیرڤان بارزانی گوتی "مەسەلەی هەڵبژاردن مەسەلەیەکی گرنگ بوو بۆ هەرێمی کوردستان. هەڵبژاردن سەرچاوەی رەوایەتیدانە بە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی بۆ هەرێمی کوردستان زۆر خراپ بوو."
 
هەروەها رایگەیاند "هەڵبژاردن گرنگە، لەبەرئەوەی رەوایەتیی دەسەڵات دەدات بە هەر کەسێک کە بیباتەوە. هەرێمی کوردستان و عێراقیش ئەو مۆدێلەیان هەڵبژاردووە؛ مەسەلەی دیموکراسییەت و دەسەڵات لەڕێگەی سدووقی دەسەڵاتەوە."
 
لەبارەی براوەی هەڵبژاردنیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی "براوەی گەورە لەم هەڵبژاردنە، گەلی کوردستان و عێراق بوون، کەم نییە نزیکەی 72٪ـی خەڵک بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا کرد."

 

 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا هەر لەبارەی هەڵبژاردن سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "خۆشبەختانە دەڵێین بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی دیکە، پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستاندا بەشێوەیەکی باش و لەسەر رێچکەیەکی دروست خەریکە گەشە دەکات. لە چوارچێوەی پرۆسەیەکی دیموکراسیدا گەلی کوردستان سەلماندی پێویستە زیاتریشی بۆ بکرێت و سوپاس بکرێت. ئێوە تەسەوری ئەوە بکەن؛ دوو حیزبی رکابەر لە یەک کاتدا لە هەولێر بانگەشەیەکی گەورەی هەڵبژاردنیان دەکرد و هیچ کێشەیەکیش رووینەدا."
 
"بەراشکاوی بە بەغدام گوتووە مامەڵەیان لەگەڵ هەولێر هەموو شتێکە فیدراڵی نەبێت"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها رایگەیاند "هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکەوتوومان بەڕێکرد، کە لە ساڵی 1991ـەوە، ئەمە گرنگترین هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بوو، ئێستا کاتی ئەوەیە دووبارە دەست بەوە بکەین مۆدێلێکی رێکوپێک بدۆزینەوە کە چۆن لەگەڵ بەغدا کێشەکان چارەسەر بکەین، بەڵام ئەم کێشانە سەرەتا بەوە چارەسەر دەبن، نێو ماڵی خۆت رێکبخەی، حکومەتێکی کارا و بەهێزت هەبێت، کە هەوڵبدات رێگەی لێکتێگەیشتن و چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا بدۆزێتەوە."
 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێ "مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی فیدراڵی نییە، هەموو شتێکە تەنیا فیدراڵی نییە، بەڵکو زۆر زۆر ناوەندییە. من، ئەم قسانەم بە راشکاوی لەگەڵ برایانمان لە بەغداش کردووە."
 
"کلیلی چارەسەر ئەوەیە؛ بەغدا دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان کێشەکان چارەسەر بکات، لە ساڵی 2003ـەوە هەر دەڵێین دەستوور، دەستوور چارەسەرە، بەڵام بەڕاستی ئەوە نابینین." ئەمە وەک نێچیرڤان بارزانی باسی دەکات، کە گوتیشی "ئەم هەڵبژاردنانە دەرفەتی گەورە و نوێی رەخساندووە بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەینە چارەسەرێک کە جێگەی رەزامەندیی هەموولایەک بێت."
 
نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا: ئابوورییانە بیر لە بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە نەوەک سیاسی
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشێکی گوتەکانی تایبەت بوو بە نەوتی هەرێمی کوردستان، کە لە مانگی ئاداری 2023ـەوە هەناردەکردنی لەڕێگەی بۆری نەوتی جیهان لەسەر داوای عێراق و لەسەر بڕیاری دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، راگیراوە.
 
نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە لەوەی، "هەندێک لایەن پێیان وایە مەسەلەی نەوت مەسەلەیەکی سیاسییە، بەڵام بابەتێکی سیاسی نییە، بەڵکو ئابوورییە... ئەگەر واقعی سەیری جوگرافیای کوردستانیش بکەین، دەبینین نەوت کاڵایەکی بازرگانییە و ئێمە وای دەبینین."
 
لەبارەی عێراق و تورکیاشەوە رایگەیاند، "بە سوپاسەوە تورکیا رێگەی دا ئێمە ئەو نەوتە بۆ دەرەوە بنێرین. هیچ قازانجێکیشیان نەکرد لەو بابەتە بەڵکو زیاتر یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان بوو؛ نە ئێمە نەوتمان بە تورکیا فرۆشتووە، نە ئەوانیش زەختیان کردووە، کە دەبێت بە ئەوانی بفرۆشین، بەڵکو بە چەند کۆمپانیایەکی جیهانی فرۆشراوە."
 
سەبارەت بە زیانەکانی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش گوتی "ئەو حاڵەتەی ئێستا هەیە کە ئەو نەوتە لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە ناکرێت، زەرمەندی گەورە خودی عێراقە، کە پێموابێت زیاتر لە 15 ملیار دۆلار بەلایەنی کەمەوە زیانی بەرکەوتووە."
 
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند "بە دەرفەتی دەبینم لێرەوە داوا لە بەغدا بکەم، کە بەشێوەیەکی دروست و ئابوورییانە بیر لەو بابەتە بکاتەوە نەوەک سیاسی، کە لە کوێدا عێراق زیانی کردووە و لە کوێدا قازانج دەکات، بەمشێوەیە سەیری بابەتەکە بکات. بەڕای من چارەسەری دروست ئەوەیە؛ جارێکی دیکە دەبێت نەوتی هەرێمی کوردستان وەکو نەوتی عێراق بە بۆری هەناردەی دەرەوە بکرێت."
 
جەختیشی کردەوە لەوەی لەو بابەتەدا "تورکیا کێشەکە نییە، ئەو کێشەیە لە بەغدا و پەرلەمان هەیە. لەم پرۆسەیەدا زەرەرمەندی هەرە گەورە عێراقە."
 
"دەبێ عێراق خۆی دووربگرێت لەو ئاگرەی ئێستا لە ناوچەکە دا هەیە"
 
دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزە، بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هەروەها ئیسرائیل و چەکدارانی حیزبوڵڵای لوبنان، لەلایەکی دیکەشەوە ئێران و ئیسرائیل جگە لە ئاراستەکردنی مووشەک، بەردەوام هەڕەشە لە یەکدی دەکەن، ئەمانە هەموویان وادەکەن مەترسی هەبێت عێراق تێوەبگلێنرێتە نێو ئاگری شەڕەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە دەڵێ "دەبێ عێراق خۆی دووربگرێت لەو ئاگرەی ئێستا لە ناوچەکەدا هەیە".
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئەوەی بۆ کوردستان گرنگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا، دەبێ هەوڵمان بۆ ئەوە بێت عێراق نەکەوێتە نێو ئەو ئاژاوەوە، چونکە عێراق خۆی کێشەی یەکجار زۆرە، دۆخی عێراق دۆخێکی تایبەتە، بۆ ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان و وەکو بەشێک لە عێراق، گرنگترین شت بۆ ئەوەیە نەکەوینە نێو ئەو ئاژاوەیەی ئەمڕۆ لەم ناوچەیە دا هەیە، بەرژەوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەم چوارچێوەدایە." 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد عێراق پێشکەوتنی بەدەستهێناوە لە باشکردنی رەوشی ئەمنی، گوتیشی "سوپاس بۆ خوا ئێمە دەبینین لەم چوارچێوەیەدا گۆڕانکاریی گەورە کراوە، هیچ مەسڵەحەتیش نییە عێراق بکەوێتە نێو ئەو ئاژاوەیە. بە رای من ئەرکی سەرۆکوەزیرانی عێراقە وەکو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (بەڵام ئەو بە تەنیا نا) دەبێ هەموو هێزە سیاسییەکان یارمەتیی سەرۆکوەزیران بدەن کە ناکرێ ئێمە قبووڵی بکەین عێراق بکرێتە شوێنێک ئەم ئاژاوەی بۆ بێت. دەبێ ئێمە یارمەتیی سەرۆکوەزیران بدەین و هەموو هێزە سیاسییەکان لە پشتی بین، چونکە ئەوەی ئێمە دەبینین ئەو هەموو هەوڵێک دەدا کە عێراق دووربخاتەوە لەو بابەتە."
 
"داعش هێشتا سەرچاوەیەکی هەڕەشەیە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش"
 
لەبارەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەییشەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئەم هێزانە لەسەر داوای عێراق هاتوون نەوەک بە زۆر، عێراق بە فەرمی بانگهێشتی کردوون بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، ئەمڕۆ دوای 10 ساڵ، زۆر ئاساییە عێراق پێداچوونەوە بکات و وەکو وڵاتێکی خاوەن سەرەوری بڵێ لەم قۆناخەدا چیمان پێویستە؟ گومان لەوەدا نییە رەوشی عێراق هەمان رەوشی ساڵی 2014 نییە و لە رووی ئەمنییەوە باشترە، لە رووی ئابوورییەوە باشترە."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە لەوەی هەرێمی کوردستان پێی وا نییە، داعش تەواو بووە، بەڵکو گوتی "هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەمەیە تائێستاش داعش سەرچاوەیەکی هەڕەشەیە بۆ ئەمنیەتی عێراق و بۆ هەرێمیش... من پێموایە ئێستاش عێراق پێویستیی بە پشتیوانیی دەرەوە هەیە، بەتایبەتی ئەمریکا کە سەرۆکایەتیی ئەم هاوپەیمانێتییەی کردووە."
 
"ئێمە لەچوارچێوەی عێراق بڕیار دەدەین کە هێزەکانی هاوپەیمانانن چۆن و بە چ شێوەیەک دەمێننەوە"
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی "ئێمە نەچووین داوا بکەین بڵێین ئەمریکا لە دوای ساڵی 2026 وەرە لێرەبە، بڕیارەکە لە چوارچێوەی ئەم لێکتێگەیشتنە دەکرێ کە لەگەڵ عێراق هەیە، ئەو دایەلۆگە ستراتیژییەی ئەمڕۆ ئەمریکا و عێراق هەیانە؛ هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو پرۆسەیە."
 
جەختیشی کردەوە لەوەی "ئەوەی گرنگە دەبێ روون بێ؛ ئەم هێزانە چۆن دەمێننەوە؟ بە چ شێوەیەک دەمێننەوە؟ دەبێ ئەرک و کاریان ئاشکرا ببێ، تائێستا دایەلۆگەکە دەستیپێنەکردووە، بەڵام جێی بایەخێکی جیدییە بۆ هەرێمی کوردستان، هەرچییەک هەیە ئێمە لە چوارچێوەی عێراق دا بڕیاری لەسەر دەدەین و لەو چوارچێوەیەدا ئێمە هەڵسوکەوت دەکەین."

 

 

نێچیرڤان بارزانی قسە دەکات، راستەوخۆ لە فەیسبووکی رووداوەوە:

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان.

نێچيرڤان بارزانى فه‌رمانى هێنانه‌كايه‌ى سێ ناحيه‌ ده‌رده‌كات

بە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کورستان، لە پارێزگای دهۆک هەر سێ ناحیەی شاریا، مسێرک و تەناهی دروستبوون. جێگری پارێزگاری دهۆک دەڵێت، "بڕیارەکە بۆ خزمەتی خەڵکە و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە".