نێچيرڤان بارزانى سوپاسى كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و ستايشى خزمه‌ت و ماندووبوونی خۆی و تیمەکەیی کرد له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگداندا.
 
پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30-10-2024 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازیی له‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانى كۆمسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌موو ئه‌و تيمانه‌ى كۆمسيۆن كرد، كه‌ سه‌رپه‌رشتيى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانيان كرد و "سه‌ركه‌وتووانه‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدانيان به‌ڕێوه‌ برد."
 
وەکو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى بۆ ئه‌رك و كارى كۆمیسيۆن و بۆ پشتيوانى و هاريكاريى سه‌رۆكوه‌زيرانى فيدراڵ و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ريى عێراق دووپات كرده‌وه‌، "ستايشى خزمه‌ت و ماندووبوونيانى له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگداندا كرد. هه‌روه‌ها داكۆكیى له‌وه‌‌ كرده‌وه‌‌ كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگ بوو."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوە، سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجامى رۆڵ و په‌رۆشى و دڵسۆزى و هاريكاريى كۆمسيۆن بوو له‌گه‌ڵ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش به ‌گه‌رمى ده‌‌ستخۆشیى لێ كردن و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.
 
هاوکات كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان پيرۆزبايى سه‌ركه‌و‌تنى هه‌ڵبژاردنيان له‌ نێچيرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستان كرد و ستايشى ته‌واوى پرۆسه‌كه‌يان كرد، "كه‌ هه‌ر له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تاوەکو به‌ڕێوه‌چوونى ده‌نگدان، پرۆسه‌يه‌كى سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ شێوه‌يه‌ك کە جارى يه‌كه‌مه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هيچ تانه‌يه‌كى سوور له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن تۆمار ناکرێت."