مانگی داهاتوو لە هەولێر دەست بە دروستکردنی 'پارکێکی گەورە' دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر رایگەیاند، مانگی داهاتوو دەست بە دروستکردنی پارکێکی گەورە لەشاری هەولێر بە گوژمەی یەک ملیار و 40 ملیۆن دینار دەکرێت، دەشڵێت: "پارکەکە بۆ گەڕەکێکی دیاریکراو نییە و گشتییە."
 
رۆژی دووشەممە، 30-10-2023، پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لە پێناو پاراستنی ژینگە و زیادکردنی رێژەی سەوزایی، لە گەڕەکی ژیانی شاری هەولێر لەسەر رووبەری 17 هەزار مەتری چوارگۆشە بەگوژمەی یەک ملیار و 40 ملیۆن دینار دەستدەکرێت بە دروستکردنی پارکێکی نوێ و هەموو ئامادەکارییەکیش کراوە."
 
رۆژی 30-10-2023 رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو پارکە یەکێک دەبێت لە پارکە گەورەکان، راستە لە گەڕەکی ژیان دروستدەکرێت، بەڵام بۆ گشتییە و تەنیا بۆ ئەو گەڕەکە نییە، چونکە پارکێکی گەورەیە، بڕیارە یەک دوو هەفتەی داهاتوو دەست بە دروستکردنی بکرێت."
 
لە هەولێر 450 پارک و باخچە و دارستان هەن، رێژەی سەوزایی گەیشتووەتە 19.5%، پارێزگای هەولێریش دەڵێت: "لە پێناو زیادکردنی رێژەیی سەوزایی، جگە لە بەردەوامیدان بە هەڵمەتی چاندنی دار و نەمام لە دوورگەی ناوەندی شەقام و شوێنە گشتییەکان، لە پلان و بەرنامەی پارێزگای هەولێر دایە پارک و باخچە و دارستانی دیکەی نوێ لە هەولێر دروستبکرێت."