نەوت و کانزاکانی دهۆک: 12.8 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 64 هەزار خێزان دابەشکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک دەڵێت، تاوەکو ئێستا 64 هەزار خێزان لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ نەوتیان وەرگرتووە و زیاتر لە 12 ملیۆن لیتر نەوت دابەشکراوە. دەشڵێت، بۆ دابەشکردنی نەوت بەسەر هەموو خێزانەکانی پارێزگاکەدا پێویستیان بە نزیکەی 55 ملیۆن لیتر نەوتی سپییە.
موحسین تەها، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکان لە پارێزگای دهۆک، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ دووشەممە، 30-10-2023، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، 12 ملیۆن و 800 هەزار لیتر نەوت بەسەر 64 هەزار خێزاندا دابەشکراوە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتیشی، ئێستا لە بەشی زۆری ناوچە شاخاوییەکان لە 13 قەزا و ناحیە دابەشکردنی نەوت کۆتایی هاتووە لەوانە؛ ئامێدی، کانی ماسێ،چەمانکێ، پێگۆڤا، باتوڤا، دەرکار، دێرەلووک، دینارتە، بامەڕنێ، رزگاری، سەرسەنگ و مانگێش.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ و سبەی دابەشکردنی نەوت لە هەموو ناوچە شاخاوییەکان تەواو دەبێت.
لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە دەورووبەری شارەکان کە قۆناخی دووەمی دابەشکردنی نەوتە، موحسین تەها دەڵێت، دابەشکردنی نەوت لە دەورووبەری دهۆک دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی هەفتەی داهاتوو پرۆسەی دابەشکردنی نەوت لە دەورووبەری شارەکان کۆتایی دێت ئێستا لە ناحیەکانی رۆڤیا، گردەسین، باعەدرێ، کەڵەکچی، باتێل، خانکێ و فائیدە دابەشکردنی نەوت دەستی پێکردووە و بەردەوامە.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی دهۆک گوتیشی، لەسنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، 271 هەزار و 661 خێزان هەن کە 54 ملیۆن و 332 هەزار و 200 لیتر نەوتیان پێویستە بۆ ئەوەی هەموو خێزانەکان نەوتیان پێبدرێت.
لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی رۆژانە بۆ پارێزگای دهۆک دێت و کوالێتی ئەو نەوتەی دابەشدەکرێت، موحسین تەها گوتی، رۆژانە لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە بە بڕی جیاواز نەوت دەگاتە پارێزگای دهۆک و دوای پشکنین دەنێردرێت بۆ دابەشکردن.
گوتیشی، بەگوێرەی ئەو پلانەی هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەموو خێزانێک بەرمیلێک نەوتی پێدەدرێت.