رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شاندی وەزاری پارتی لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وردەکاری کێشە و ئاڵۆزییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گەنگەشەکران. ئەو ناکۆکییانەی کە بە مەترسی گەورەی سەر هەرێمی کوردستان دادەندرێن، وەڵامی سەرەکی هەموو ئەو لایەنانەیە کە یەکێتی و پارتی لەگەڵیان کۆبوونەتەوە؛ هەروەها گوتوویانە کە دەبێت بە زووترین کات دوو حیزبەکەی دەسەڵات رووبەڕوو بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
خەلیل ئیبراهیم، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتی: ئێمە قسەمان ئەوەبوو، دۆخەکە زۆر ناسک و مەترسیدار و چارەنوسسازە، دەبێ پارتی و یەکێتی و هێزەکان هەموویان بەوپەڕی بەرپرسیاریەتی و حیکمەت و نەرمی، بەوپەڕيی دووربینی و وردبینی سەیری کێشەکان بکەین.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، نیگەرانییەکانی یەکێتی دوای بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی بکوژانی هاوکار جاف و ناوهێنانی وەهاب هەڵەبجەیی، فەرماندەی دژەتیرۆر وەک تۆمەتبار هات؛ سكاڵاکردن لە قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانی وەک تۆمەتبار لەلایەن بنەماڵەی کوشتنی موراد کانی کوردەیی و داواکاری گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگەی هەولێر هۆیەکی دیکەی نیگەرانی یەکێتییە کە پێی وایە، پارتی لە پشت جوڵاندنی ئەو داواکارییەیە و لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنەکاندا باسی کردووە. شاندی پارتیش لە کۆبوونەوەکاندا گوتوویەتی کە لە پرسە ئەمنییەکان دەبێت یاسا رۆڵی خۆی ببینێت.
لە دوو دەیەی رابردوو دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ناوبەناو پارتی و یەکێتی کێشەی سیاسی و داراییان هەبووە، بەڵام ئەمجارە کێشەی ئەمنیشی هاتووەتەسەر، بۆیە پارتی و یەکێتی لەگەڵ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، ساز و ناساز کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی هەریەکە و بە تێڕوانینی خۆی کێشە و چارەسەرییەکان باس بکات.
دوای شیوعی، زەحمەتکێشان و یەکگرتوو، وێستگەی چوارەمی شاندی وەزاری پارتی کۆبوونەوە بوو لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان. کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. گۆڕانی بەشدار لە حکومەت یەک وەڵامیان بۆ هاوبەشەکانیان لە کابینەی نۆیەم کە یەکێتی و پارتییە هەبووە.
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان کە لەسەر پشکی گۆڕان پۆستەکەی وەرگرتووە، دەڵێت: بەرژەوەندی گشتی و قەوارەی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک نابێت بخریتە ژێر مەترسییەوە. تیمی وەزاری پارتی باسی کێشە ئەمنییەکانیشیان کردووە، لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا باسی کەیسی کوشتنی هاوکار جاف کراوە.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا، کۆبوونەوەکانی شاندی وەزاری پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەش بەردەوامبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ