چەند گەشتیارێک لەنێو فڕۆکەیەک لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ گیر دەخۆن

30-10-2022
راوچی حەسەن @Rawchihasan
دوو وێنە کە لە ڤیدیۆکانی نێو فڕۆکە و فڕۆکەخانەکە وەرگیراون
دوو وێنە کە لە ڤیدیۆکانی نێو فڕۆکە و فڕۆکەخانەکە وەرگیراون
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

درەنگانی شەوی رابردوو لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ چەند گەشتیارێک لەنێو فڕۆکە گیردەخۆن و گەشتەکەیان دوادەخرێت. گەشتیارێک لەنێو فڕۆکەکە بە رووداوی راگەیاند، "بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیی فڕۆکەکە دەیان گەشتیار لەنێو فڕۆکەکە گیریان خواردبوو و کارمەندانی فڕۆکەکەش دەرگایان داخستبوو و نەماندەتوانی بچینە دەرەوە." دەشڵێت " چەند سەرنشینێک بەهۆی نەمانی ئۆکسجین بوورانەوە."
 
بڕیاربوو شەوی رابردوو [شەممە 29-10-2022] فڕۆکەیەک لە ئیستەنبووڵەوە لە کاژێر 9:30 خولەکی شەو گەشتی هەولێر بکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە فڕۆکەکەدا ''کێشەی تەکنیکی'' دروستبووە، گەشتەکەیان بۆ ماوەیەک دواخراوە.
 
خەسرۆ ئەلبانە یەکێکە لەو گەشتیارانەی کە لەنێو فڕۆکەکە بووە و ڤیدیۆی نێو فڕۆکەکەی بۆ رووداو ناردووە، دەڵێت " شەوی رابردوو بەهۆی ئەوەی کێشەیەکی تەکنیکی لە فڕۆکەی فلای بەغداد هەبووە، بە دەیان سەرنشین لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ ماونەتەوە، هەروەها چەندین سەرنشین بەهۆی نەمانی ئۆکسجین لەنێو فڕۆکەکە بووراونەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کارمەندانی فڕۆکەکە دەرگای فڕۆکەکەیان داخستبوو و نەیان دەکردەوە."
 
دەشڵێت "دەبوایە فڕۆکەکە لە کاژێر 09:30 خولەک بفڕێت، بەڵام دوای کاژێر 11:00 ئێمەیان خستە نێو فڕۆکەکە و رووناکی نێو فڕۆکەکە ئیشی نەدەکرد، بە لایتی مۆبایل ئێمەیان سەرخست، دوای ئەوەی هەموو سەرنشینەکان سەرکەوتن دەرگایان داخست، دوای نیو کاژێر مانەوە لەنێو فڕۆکەکە ئیدی ئۆکسجین نەما، چونکە هیچ شتێکی نێو فڕۆکەکە کاری نەدەکرد. دواتر سەرنشینەکان دەستیان بە هاوارکردن کرد تاوەکو دەرگا بکەنەوە، بەڵام تاوەکو ماوەیەک گوێیان نەگرت. دواتر سەرنشینەکان چوونە لای دەرگاکە و بە زۆر دەرگایان بە کارمەندەکان کردەوە."
 
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوەش دەدات کە دوای کردنەوەی دەرگای فڕۆکەخانەکە و دابەزینی سەرنشینەکان "پێیان گوتووین، خۆتان فڕۆکەیەکی دیکە بگرن و بگەڕێنەوە بۆ هەولێر."
 
 
لە ڤیدیۆکاندا کە بەتایبەت بۆ رووداو نێردراون، دەردەکەوێت کە هیچ رووناکییەکە لەنێو فڕۆکەکەدا نییە و چەند سەرنشینێکیش داوا دەکەن لەنێو فڕۆکەکە بیانکەنەوە دەرەوە و یەکێکیان هاوار دەکات و دەڵێ "هەناسە نەما."
 
ئەو هاونیشتمانییە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی بە رووداو گوت؛ کە کاژێر 3:30 خولەک فڕۆکەکە گەڕاوەتەوە هەولێر، بەڵام نیوەی سەرنشینەکان بەهۆی ئەوەی "ترساون" نەگەڕانەوە و لە ئیستەنبووڵ ماونەتەوە. 
 
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبارەی ئەو گەشتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "زۆر جار ئەگەر گەشتەکان دوابکەون راستەوخۆ لەلایەن ئەو هێڵەی گەشتیاران گەشتی پێ دەکەن شوێنی مانەوەیان بۆ دابین دەکرێت و دواتر گەشتیاران لە کاتێکی دیکەدا گەشتەکەیان دەکەن، بەڵام من ناتوانم لەسەر کێشە تەکنیکییەکەی نێو ئەو فڕۆکەیە قسە بکەم و ئەوە کاری کاپتنی فڕۆکەکەیە."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە