وشکەساڵی و شەڕی تورکیا و پەکەکە سێوی جووتیارانی بەرواری باڵا کەمدەکەنەوە

30-10-2021
بەرهەمی سێو لە باخی جووتیارێکی بەرواری باڵا
بەرهەمی سێو لە باخی جووتیارێکی بەرواری باڵا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەرزی رنینی سێوە لە سنووری کانی ماسێی سەر بە ئامێدی لە پارێزگای دهۆک. ئەو ناوچانە پێی دەگوترێت بەرواری باڵا کە بە بەرهەمی سێو بەنێوبانگە. سێوەکانی ئەم دەڤەرە بە تام و جوانی ناویان دەرکردووە، بەڵام خەریکە ئەم ناوە کاڵ دەبێتەوە. بەهۆی ئەوەی ناوچەکە دەکەوێتە نزیک سنووری تورکیا، ئۆپەراسیۆنی سوپای ئەو وڵاتە وایکردووە، جووتیاران نەتوانن وەک پێویست خزمەتی باخەکانیان بکەن. 
 
عومەر سدیق، جووتیارە و دەڵێت، "سەرچاوەی ئاوەکە بڕا، ئەوەش کاتێک تۆپباران و بۆردوومان دەستیپێکرد؛ هەر بۆیە باخەکان بێ ئاو مانەوە؛ موختاری گوندەکە چەند جارێک هەوڵیدا بۆ ئەوەی مۆڵەت وەربگرێت تاوەکو بچینە ناوچەکە؛ دوای ئەوە توانیمان بێین و ئاوی خواردنەوەکەمان چاک بکەینەوە." 
 
ئەو جووتیارانەی دەڵێن، بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیاوە، ئەو بۆڕییانەی کە ئاو بۆ نێو باخەکانیان دەگوازنەوە تێکشکاون و زوو بە زوو ناتوانن چاکیان بکەنەوە، چونکە بەرپرسە ئەمنییەکانی ناوچەکە رێگەیان پێنادەن بچنە نێو باخەکانیان تاوەکو ئاوی بدەن.
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵەوە بە بیانووی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە، تورکیا دەستیکردووە بە بۆردوومانکردنی ئەم ناوچە سنوورییانە و بەگوتەی بەرپرسانی ناوچەکە، تاوەکو ئێستا زیانی بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە سنووری ئەوان، بە زیاتر لە حەوت ملیار دینار خەمڵێندراوە. بۆ ئەمساڵ ئەوان نەیانتوانیوە هەموو بەرهەمەکانیان لێبکەنەوە و رێژەیەکی زۆری بەرهەمەکانیان بەهەدەر دەچێت. 
 
محەمەد کامل، موختاری گوندی قومرییە و ئاماژە بەوە دەکات، "مۆڵەتمان بۆ خەڵکی وەرگرت بۆ ئەوەی بچن باخەکانیان ئاوبدەن. بەبێ مۆڵەتی [شارەوانی] ئەوان نەیاندەتوانی باخەکانیان ئاوبدەن. لەهەمانکاتدا، ئەو لادێیەمان، هێشتا کەس نەیتوانیوە گوێز و قەزوان و سماقەکەیان لێبکەنەوە. هیچ بەرهەمێکی نەماوە، تەنانەت ناشتوانین بچینە ئەو شوێنانە. چەند جارێک هەوڵدراوە بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت بچێت گوێز و سماق و قەزوانەکەیان لێبکەنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا مۆڵەتمان پێنادەن و ناتوانین بچین."
 
لەلایەکی دیکەوە، وشکەساڵی و کەمئاوی بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمی سێوەکانیان تووشی نەخۆشی ببن و بڕزێن.
 
خۆشەبا زیا، جووتیارە و دەڵێت، "ئەم سێوانە تووشی نەخۆشیی بوون، نازانم هۆیەکەی چییە. هەندێکیان هەر وان نەخۆشییان هەیە، ئەمە بۆ ماوەی چەند ساڵێکە سێوەکانمان ئەم کێشەیەیان هەیە." 
 
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک، بەشێوەیەکی گشتی، بەرهەمی ساڵانەی دەڤەری بەرواری باڵا دەگاتە نزیکەی شەش بۆ 7 هەزار تۆن.
 
لە سێ چوار ساڵی رابردوودا، بەهۆی چۆڵکردنی گوندەکانیان، بەرهەمی سێو لەم دەڤەرە دابەزیوە، بەشێوەیەک بۆ ئەمساڵ چاوەڕواندەکرێت تەنیا سێ هەزار بۆ سێ هەزار و 500 تۆن سێو لێبکەنەوە. لە هەرێمی کوردستان، وەرزی لێکردنەوەی سێو لە نیوەی مانگی تشرینی یەکەم دەستپێدەکات و تاوەکو نیوەی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان.

یەکگرتوو زیاتر لە 60 بەربژێری بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەبێت

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانی لیستی ناوی زیاتر لە 60 بەربژێری رادەستی کۆمیسیۆن کردووە و سەرۆکی لیستەکانیشی لە چوار بازنەکەی هەڵبژاردن ئاشکرا دەکات.