لە شەش مانگدا 508 تاوان دژی ژینگە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوانەکانی دژ بە ژینگە لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە شەش مانگی ساڵی پار کەمبوونەتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 30ی ئەیلوولی 2024، نەقیب فوئاد زراری، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 6 مانگی ئەم ساڵدا 508 تاوانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لە کاتێکدا لە شەش مانگی یەکەمی پار 658 تاوانی ژینگە تۆمار کرابوون".
 
نەقیب فوئاد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دۆسیەکان لە دادگە رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر. گوتیشی: "لەم وەرزەدا لە کاتی داربڕین نزیکدەبینەوە. لە سەرەتای مانگی 10ـەوە تاوەکو مانگی ئادار مەفرەزەکانمان زیاتر دەکەین، بۆ ئەوەی رێگە بە کەس نەدەین دار ببڕێتەوە و تاوانی ژینگەیی بکات".
 
نەقیب فوئاد زراری ئاشکرای کرد، "لە شەش مانگی ئەم ساڵدا 1,114 دار لە دارستانەکانی هەرێمی کوردستان بڕاونەتەوە، بەراورد بە ساڵی پار رێژەکە کەمی کردووە، شەش مانگی سەرەتای پار 1650 دار لە هەرێمی کوردستان بڕابوونەوە."
 
سەبارەت بە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "لە شەش مانگی یەکەم ئەم ساڵدا 28 هەزار و 650 دۆنم دارستان و پاوان سووتاون، بەڵام ساڵی پار 35 هەزار و 621 دۆنم دارستان و پاوان سووتا بوون".