بەربژێرە سەربەخۆ تاقانەکەی هەڵەبجە: لە شارەکەم بێلایەن کەمە و باوەڕم بەخۆم هەیە دەربچم
رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای هەڵەبجە تەنیا یەک بەربژێری سەربەخۆ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە. ئەو بەربژێرە بە رووداوی راگەیاند بڕوای هەیە، کە لە هەڵبژاردنەکان دەنگی پێویست بهێنێت و دەربچێت، سەرەڕای ئەوەی "کارێکی زەحمەت" دەبێت.
لە بازنەی هەڵبژاردنی پارێزگەی هەڵەبجە، کە لایەنەکانی بەشداری و کێبڕکێ لەسەر سێ کورسی پەرلەمان دەکەن، تەنیا یەک بەربژێری سەربەخۆ هەیە و ئەو بەربژێرەش بە رووداوی راگەیاند: "خەڵک لە ترسی ئەوەی بەرامبەر بە لیستە گەورەکان دەرناچن، بۆیە وەکو سەربەخۆ خۆیان بەربژێر ناکەن."
رۆژی دووشەممە، 30ی ئەیلوولی 2024، سامان نامیق، کاندیدی سەربەخۆ لە بازنەی پارێزگای هەڵەبجە و تاکە بەربژێری سەربەخۆ لەو پارێزگەیە، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی نەبوونی بەربژێری سەربەخۆی دیکە لە بازنەکەدا رایگەیاند "هەڵەبجە سێ کورسییە و کێبڕکێیەکی بەهێز لەنێو ئەو 12 لیستە هەیە، کە لە پارێزگەی هەڵەبجە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن."
هەروەها سامان لەدرێژەی قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی: "کەس ناوێری لەترسی دەرنەچوون خۆی بە سەربەخۆ لە هەڵەبجە بەربژێر بکات و لەگەڵ ئەوەش خەڵکی بێلایەن لێرە کەمە و زۆر سەختە بۆ کەسێکی سەربەخۆ کێبڕکێی لیست و پارتە گەورەکان بکات."
بازنەی هەڵەبجە بۆ هەڵبژاردنەکانی 20ی تشرینی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان، 54 بەربژێر هەیە، کە 13یان ژنن و تەنیا یەک بەربژێری سەربەخۆش هەیە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەش سامان نامیق، دەڵێ: "بڕوام بە خۆمە دەنگێکی باش بهێنم و باوەڕم هەیە سەرکەوتووبم."
ئەو بەربژێرە سەربەخۆیە گوتیشی: "چاڵنچی هەموو بەربژێرەکانم کردووە، کە مووچە و ئیمتیازاتی پەرلەمان رەتبکەنەوە و هەر لەئێستاوە رامگەیاندووە ئەگەر دەرچووم من هەموو ئیمتیازاتێک و مووچەی پەرلەمانتاری رەتدەکەمەوە."
سامان لەساڵی 1973 لە خورماڵ لەدایکبووەو هەر لەوێ نیشتەجێیە و پەرستارە و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی تەوێڵە بووە و چالاکڤانێکی ناسراوی ناوچەکەیە.