هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ رووداو: هەر بەربژێرێک پێیوایە پۆستەری دڕێنراوە با سکاڵا تۆمار بکات

30-09-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێرانی پارتی و یەکێتی لە هەولێر و سلێمانی یەکتری بە دڕاندن و شێواندنی پۆستەرەکان تۆمەتبار دەکەن، قایمقامیەتی هەولێر رەتیدەکاتەوە، هیچ پۆستەرێکی بەربژێرانی یەکێتی بە ئەنقەست شێوێندرابێت، سەرۆکی لیژنەی ئارامیی پارێزگەی سلێمانیش، داوا لە بەربژێران دەکات، هەر کەسێک پێشێلکاریی بەرامبەر کرابێت و پۆستەرەکەی شێوێندرابێت، لە کۆمیسیۆن سکاڵا تۆمار بکەن. 
 
هۆزار تۆفیق، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی سلێمانی، بە رووداوی راگەیاند: "لە سنووری سلێمانی هەڵمەتێکی فراوان دەستیپێکردووە دژی پۆستەر و بانگەشەکانی بەربژێرانیان". جەختیکردەوە: "کەمن ژمارەی ئەو پۆستەرانەی لە سلێمانی وەکو خۆی ماون".
 
ئەو بەربژێرانەی پارتی پێیوایە: "بە ئەنقەست هەوڵدەدرێت وێنەی بەربژێرانی پارتی بهێندرێتە خوارەوە، هەروەها بە ئەنقەست دروشم و قسەی نەشیاو لەسەر پۆستەرەکانیان دەنووسرێت، چونکە دەسەڵات لە سلێمانی بەرگەی پارتی ناگرێت، ئەگینا کێ بوێری ئەوە دەکات بە بەرچاوی ئەو هەموو کامێرایە وێنەی بەربژێرانی پارتی بهێننە خوارەوە". 
 
هۆزار تۆفیق روونیکردەوە: "لە سلێمانی بە ئاشکرا پۆستەرەکانیان دەهێنرێنە خوارەوە، بە ئۆتۆمبێل بەسەریدا دەڕۆن بەبێ شاردنەوەی ژمارەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان، کەس و ئۆتۆمبێلەکان دیارن و ئەوەی هەیە هەڵمەتێکە دژی پارتی". ئەو بەربژێرەی پارتی بۆ رووداو گوتیشی "ئەمڕۆ لە کۆمیسیۆن سکاڵا دژی هێنانەخوارەوە و شێواندنی پۆستەرەکانم تۆمار دەکەم". 
 
لە سنووری پارێزگەی سلێمانی، تەنیا بەربژێرانی پارتی گلەییان نییە، بەڵکو لایەنەکانی دیکەش پێیانوایە پێشێلکاری بەرامبەر پۆستەرەکانیان دەکرێت، سازگار فەریق، بەربژێری رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە رووداوی گوت "300 پۆستەرم هەڵواسرابوو لە نێو شاری سلێمانی، بەڵام ئێستا هیچیان لە شوێنی خۆیان نەماون". 
 
ئەو بەربژێرە دەڵێت: "پارەی دەخیلەی منداڵەکانم بەکارهێناوە بۆ چاپکردنی پۆستەرەکان، ئێستا ژمارەیەک پۆستەری دیکەم ئامادە کردووە، بەڵام لەبەر شێواندن و لابردنیان ناوێرم چاپیان بکەم". 
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەیەک لیژنەی سەرەکی و لاوەکیی بۆ چاودێریکردن و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان پێکهێناوە، هەروەها لیژنەی باڵای ئەمنیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی وەزیری ناوخۆ سەرپەرشتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی بانگەشە و هەڵبژاردن دەکات، لە پارێزگەکانیش لیژنەی ئارامی بە سەرۆکایەتیی پارێزگار سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکەن و شارەوانیی پارێزگەکانیش رێنمایی پێویستیان بۆ شوێن و چۆنیەتی هەڵواسینی پۆستەرەکانی بانگەشە دەکردووە. 
 
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئەمرۆ دووشەممە، 30-9-2024، لەبارەی پاراستنی پۆستەرەکان و سکاڵای بەربژێران. بە رووداوی راگەیاند: "ئاستی پارێزراوی هەموو پۆستەرەکان وەکو یەکە، لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی لە خزمەتی هەموواندایە". جەختیشیکردەوە "هەر کەس پێیوایە پۆستەری ئەو لێکراوەتەوە، دەتوانێت سکاڵای یاسایی لە کۆمسیۆن تۆمار بکات."
 
لەبارەی شێوازی رێکخستنی پۆستەرەکان و شوێنی هەڵواسینیان، ئاکۆ عەلی، جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە رووداوی گوت "18 خاڵ رێنماییمان بە کۆمیسیۆن داوە، کە شوێن و رێکخستنی پۆستەرەکان لە سنووری شارەوانی سلێمانی لەخۆ دەگرێت، جێبەجێکردنی رێکارەکان لە ئەستۆی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانە".
 
لەلایەکی دیکەوە، هەژار سدیق، بەرپرسی راگەیاندنی مەڵبەندی هەولێری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند "لە هەولێر وێنە و پۆستەری بەربژێرانی یەکێتی دەدڕێندرێن ". جەختیشیکردەوە: "ئەوانەی پۆستەرەکانی یەکێتی دەدڕێنن تووشی هیستریا بوون".
 
لە بەرامبەردا سەرچاوەیەک لە قایمقامیەتی هەولێر، بە رووداوی راگەیاند: "هەموو ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە کە باس لە دڕاندن و شێواندنی پۆستەری بەربژێرانی یەکێتی یان هەر لایەنێکی سیاسی دەکەن".
 
سەرچاوەکە بۆ رووداو جەختیکردەوە: "ئەم چەند رۆژە بەهۆی با بەشێکی زۆری پۆستەرەکان کەوتوون و شێواون، وێنە و پۆستەری بەربژێرانی پارتی زیاتر شێواون، هیچ کەسێک بە ئەنقەست وێنەی بەربژێری لایەنێکی دیاریکراوی نەدڕاندووە".
 
لە سەرەتای دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، چەندین وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی کەوتنی پۆستەرەکان بڵاوکراونەتەوە، لەسەر شەقامەکانی هەولێر، هەندێک لە پۆستەرەکان زیانیشیان بە هاونیشتمانییان گەیاندووە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 30-9-2024 سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا روونیکردەوە "بەشێکی بەربژێران پابەندی رێنماییەکانی شارەوانی نەبوون لە هەڵواسینی پۆستەرەکانیان"، هۆشداریشیدا بەوەی "لە ماوەی 24 کاتژمێردا، هەر کاندیدێک پابەندی ڕێنماییەکان نەبووبێت، پۆستەرەکان یاخو وێنەکانیان لابەرن و بیگوازنەوە، ئەگەر نا ئێمە لە رێگەی هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتیی و شارەوانییەکان و تیمەکانمان، پۆستەر و وێنەکان لا دەبەین".
 
تاوەکو ئەمرۆ دووشەممە، بە گوتەی نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق "15 سەرپێچی تۆمار کراون".  بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، تاوەکو ئێستا کۆمیسیۆن هیچ حیزب و لایەنێکی لەسەر سەرپێچییەکان سزا نەداوە. 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".