چوار بازنە؛ لە شەش ساڵدا 11 هەزار گەنجی راپەڕین کۆچیان بۆ دەرەوەوی وڵات کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە نوێترین بەرنامەی چوار بازنەی تۆڕی میدیایی رووداو کە تایبەتە بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، ئەم جارە لە شارۆچکەی چوارقوڕنەی سەر بە ئیدارەی راپەڕینە و باس لە کۆچی بەلێشاوی گەنجانی دەڤەرەکە بۆ دەرەوەی وڵات دەکات. 
 
لە بەرنامەی چوار بازنەی رووداو، کە لەلایەن سەنگەر عەبدولرەحمانەوە پێشکێش دەکرێت، باس لەو کێشە و گرفتانە دەکات کە خەڵکی چوارقوڕنە و ئیدارەی راپەڕین بەدەستییەوە دەناڵێنن و لەسەرەتایی بەرنامەکە، سەنگەر عەبدولرەحمان دەڵێت: "ئەوەی ئەم دەڤەرە پێی ناسراوە، رۆیشتنی ژمارەیەکی زۆری گەنجانە بۆ دەرەوە." 
 
بەرنامەکەی ئەمجارە بە بەشداری هەریەکە لە؛ سەلمان کۆچەریی، بەربژێری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، ئارام پشدەری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان،  سەربەست رەسوڵ چنارەیی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست و شوان شێخە قەرەنی بەربژێری یەکێتی نیشتمانیی کوردستان. 
 
لەسەرەتادا بەربژێرەکان باسیان لە هۆکارەکانی رۆیشتنی خەڵک بەگشتی و گەنجان بەتایبەتی لە ناوچەکە کرد و هەر بەربژێرە باسیان لە هۆکاری جیاواز کرد. 
 
سەلمان کۆچەریی، بەربژێری کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، لەوبارەیەوە رایگەیاند: "بێکارییەکی زۆر و قەبە لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر هەیە. ئەو بێکارییەش بەهۆی ئەوە دروست بووە ئەم ناوچەیە بووەتە دەڤەری پرۆژە مردووەکان. یەک پرۆژە کار ناکات و هەمووی وەستاون، تاوەکو خەڵک بکەوێتە سەر کار. هۆکارێکی دیکە، بابەتی دانەمەزراندنە. ئەوەش هۆکارێکی دیکەی کۆچی گەنجانە. 19 هەزار دەرچوومان لە دەڤەری بیتوێن و پشدەر هەیە، لە ساڵی 2009وە تاوەکو ئێستا، یەک کەسیشیان بە فەرمی دانەمەزراوە." 
 
لەم ئەڵقەیەی چوار بازنە، چوار بەربژێرەکەی میوان بوون، باسیان لە بەرنامەکانی خۆیان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەنجانی ئەو ناوچەیە لە پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی کوردستان. 
 
ئارام پشدەری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، باسی لەوە کرد کە حیزبەکەی دەسەڵاتێکی ئەوتۆی لە ناوچەکە نییە و گوتیشی "لە دەڤەری راپەڕین هەمووان دەزانن کێ دەسەڵاتداری سەرەکییە. تەنانەت ئێمە دەسەڵاتی دانانی بەڕێوەبەرێکی قوتابخانەشمان نییە. جا چی لەوەی ئێمە بەرپرسیار بین لەو هەموو کێشە و قەیرانانەی بەرۆکی دانیشتووانی ناوچەکەی گرتووە." 
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ماوەی شەش ساڵی رابردوودا، 36 هەزار 860 گەنج هەرێمی کوردستانی بەجێهێشتووە و لەنێو ئەو ژماەیەش 11 هەزاریان گەنجی دەڤەری بیتوێن و پشدەر بوون، بەمەش زۆرترین رێژەی کۆچی گەنجان لە باشووری کوردستان، لەو دەڤەرەیە.  
 
بەڵام بەربژێرەکەی یەکێتی، بەرگری لە پارتەکەی دەکات و هەموو کێشە و گرفتی ناوچەکە ناخاتە ئەستۆی یەکێتی. شوان شێخە قەرەنیی زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسە دەکات و دەڵێ: "هەموو لایەن بەقەد قەبارەی ئەو دەسەڵاتەی هەیەتی بەرپرسیارێتی بەردەکەوێت و ئێمە بەقەد ئەو 20 کورسیەی پەرلەمان هەمانە، بەرپرسیارێتی ئەو دۆخەین. راستە ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەشدارین، بەڵام بەشدارییەکی کارا نییە و لەماوەی 20 ساڵی رابردوو، یەکێتی نیشتمانی کوردستان دوو ساڵی حوکمڕانی لەبەردەستدا بووە و هێزی یەکەم بووە."
 
بەربژێران دەڵێن هۆکارێکی دیکەی کۆچی گەنجان، ناسەقامگیریی و دۆخی ئەمنیی ناوچەکەیە. بەگوێرەی قسەکانی بەربژێرەکەی کۆمەڵەی دادگەریی کوردستان، بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، 43 گوندی بناری قەندیل بەردەوام بۆردوومان دەکرێت و ناوچەکە زیانی پێدەگات و ناسەقامگیریی زیاتر بڵاودەبێتەوە. 
 
بەڵام بەربژێرەکەی رەوتی هەڵوێست، یەکێتی بە هۆکاری سەرەکی کێشە و گرفتەکانی ناوچەکە دەبینێت و لەمیانی بەرنامەی چوار بازنە، سەربەست رەسوڵ چنارنەیی، بەربژێری رەوتی هەڵوێست، دەڵێ "داهاتی ئەم دەڤەرە دەچێتە نێو گیرفانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە. دەیان پرۆژە لەم دەڤەرەیە هەیە پارەی بۆ خەرج ناکرێت، دەچینە لای وەزیری پارتی، دەڵێ ئەو دەڤەرە یەکێتی لێی بەرپرسە و یەکێتی پارەی بۆ خەرج ناکات." 
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا نزیکەی 100 هەزار هاونیشتمانی کۆچیان کردووە، لەو ژمارەیە 20 هەزار و 700 کەسیان خەڵکی ئیدارەی راپەڕین بوون و 296یان لەرێگەی گەیشتن بە ئەورووپا گیانیان لەدەستداوە.