لە هەولێر کۆنفرانسێک لەبارەی رۆڵی رۆژهەڵاتناسە رووسەکان لە ناساندنی کورد بەڕێوەچوو

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە هەولێر کۆنفرانسێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و رووسیا لەبارەی رۆڵ و کاریگەریی رۆژهەڵاتناسە رووسەکان لە ناساندنی کورد و پرسی کوردستان بەڕێوەچوو. 
 
"بە چەندین کاژێر دەتوانم باسی پەیوەندی کوردستان و رووسیاتان بۆ بکەم،" ئەمە قسەی  ئێلبرۆس کۆتراشێف باڵیۆزی رووسیایە لە عێراق. لە کۆنفرانسێکی مێژوویدا لە هەولێر باسی پەویوەستبوونی بە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو پانێڵەی کە باڵیۆز قسەی تێدا کرد تایبەت بوو بە پەیوەندیی زیاد لە 200 ساڵەی کورد و رووسیا لە رابردوو، ئێستا و داهاتوووشەوە. 
 
ئێلبرۆس کۆتراشێف، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق دەڵێت: "من هەمیشە گەشبینم، عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی کەشێکی هاوڕێیانەیە بۆ ئێمە، من یەکەمجار کە سەردانی کوردستانم کرد ساڵی 2004 بوو واتە 20 ساڵ پێش ئێستا کە سەردانی ئێرەمان کرد زانیمان کە شوێنێکی باشە بۆ کارکردن، زۆر سەقامگیرە و باش دیارە." 
 
کۆنفرانسەکە نێودەوڵەتییە و بە ناونیشانی "رۆڵ و کاریگەری رۆژهەڵاتناسە رووسەکانە لە ناساندنی کورد و پرسی کوردستان." 
سەردەمانێک کە لێکۆڵینەوەی رۆهەڵاتناسە رووسەکان لە کورد و مێژوو و کولتوور و جوگرافیاکەیەوە بوو بە هەوێنی ئاشناکردنی پێگەی کورد بە جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەتی. 
 
مێژووی سەرنجڕاکێشبوونی کورد و کوردستان بەلای رۆژهەڵاتناسە رووسەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی 19، بەتایبەت ئەلێکساندەر جابا و ڤلادیمیر مینورسکی کە دوو رۆهەڵاتناس بوونە و بۆ یەکەمین جار لێکۆڵینەوەیان لەسەر کورد کردووە، قسەیەکی مینورسکی هەیە کە بەنێوبانگە، دەڵێت: "کوردەکان کلیلێکن بۆ تێگەیشتن لە هەموو هاوکێشە ئاڵۆزەکانی نێو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست." 
 
مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و رووسیا لە ساڵی 1945ـەوە قووڵتربووەوە. ئەوکاتەی کۆماری کوردستان بە پاڵپشتیی یەکێتیی سۆڤیەت دامەزرا و دواتر لە ساڵی 1946 کۆمارەکە کە روخێنرا، بارزانی نەمر و هاوەڵانی چوون بۆ یەکێتیی سۆڤیەت و 12 ساڵی تەمەنی لەوێ بەسەر برد. 
 
د. نەهرۆ زاگرۆس، سەرنووسەری گۆڤاری کوردستان کرۆنیکڵ دەڵێت: "ئەو گرفت و کێشانەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدەن رووسیا پێگەی هەیە لەوەدا، بەتایبەت لە سووریا کە دەبینین پێگەیەکی گرنگی هەیە، بەرەو کوێ دەڕوات نازانین بەڕاستی، بەڵام ناکرێت وڵاتی رووسیا فەرامۆش بکرێت سەرباری ئەوەی تا چەند ئێمە لەگەڵ بیروباوەڕەکانی ئەوانین." 
 
کۆنفرانسەکە بە هاوبەشی لە نێوان زانکۆی سۆران و ئەکادیمیای زانستی رووسیا رێکخراوە، 25 توێژینەوە لە ماوەی دوو رۆژی کۆنفرانسەکە لەسەر کورد و کوردناسی دەخرێتە روو. 
 
د. شێروان شەریف، سەرۆکی زانکۆی سۆران دەڵێت: "بێگومان گۆڕانکاری زۆر دەبێت و ئەو پەیوەندییانە بەرەو باشتر و باشتر دەڕۆن. پەیوەندیی ئەکادیمی و بێگومان پەیوەندییە ئەکادیمییەکان کاریگەرییان لەسەر پەیوەندییە گشتییەکانیش دەبێت." 
 
لە ساڵی 2007ـەوە رووسیا کۆنسووڵخانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نوێنەرایەتیی لە مۆسکۆ هەیە، لە رووی ئابووریشەوە لە دوای 2010 رووسیا خەریکی وەبەرهێنانە لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان.