دژی پێنەدانی مووچە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆپێشاندانی خانەنشینان بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
دژی پێنەدانی مووچە و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان، ناڕەزایی و گردبوونەوەی خانەنشینان لە شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە و دەڵێن، داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت لە گردبوونەوە و ناڕەزایی بەردەوام دەبن.
محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: "مژاری مووچەی خانەنشینان، یاسای هەیە و پارەی پێویستیشی دابین کراوە. داواکاریی سەرەکیی ئێمەشە کە جێبەجێ بکرێت. بڕیک لە پارەکە دراوە. نزیکەی 70 تریلیۆن تمەن بودجەشی بۆ دانراوە."
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، هەڵاوسان لە ئێران نزیکەی 40%ـە، بەڵام حکومەت بۆ ئەم ساڵ تەنیا بە رێژەی 20% مووچە و حەقدەستەکانی زیاد کردووە، بەڵێنیشی داوە مووچەی خانەنشینان هاوسەنگ بکرێت لەگەڵ مووچەی کارمەندان، بەڵام ئەوەش تائێستا نەکراوە.
خانەنشینان دەڵێن، مووچەیان بەشی دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانیان ناکات و تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێت، لە گردبوونەوە و ناڕەزایی بەردەوام دەبن.
موحسین زەنگەنە، پەرلەمانتاری شاری توربەتی حەیدەرییە لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت: "ئێمە 1%ـی بەهای زیادکراومان تەرخان کرد بۆ زیادکردنی مووچەی خانەنشینان کە نزیکەی 70 تریلیۆن تمەنە. بە پێی راپۆرتی فەرمانگەی پلان و بودجە کە لە کۆبوونەی لیژنەی پلان و بودجەی پەرلەمان خوێندرایەوە، تاوەکو ئێستا 80%ـی پارەکە دابین کراوە."
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە شەش ملیۆن کەس مووچەی خانەنشینی وەردەگرن و لانیکەم مووچەی خانەنشینان ئەم ساڵ 9 ملیۆن تمەنە، کە دەکاتە 150 دۆلار.
حکومەتی ئێران بەهاری ئەم ساڵدا بریاری زیادکردنی مووچەی خانەنشینان بە رێژەی 35% دا، بەڵام بڕیارەکە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.