رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، هەر حیزب و بەربژێرێک لە شوێنی رێگەپێنەدراو بانگەشەی کردبێت، ئاگادار دەکرێتەوە، "ئەگەر فلێکس و بانگەشەکەی لانەبات، ئێمە لایدەبەین."
ئەمڕۆ (دووشەممە، 30-09-2024) سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ناوەندی شار و سنووری هەڵەبجە، ئەو شوێنانەمان دیاریکردوون کە نابێ بانگەشەیان تێدا بکرێت، بەڵام لە هەندێ شوێن سەرپێچی کراون.
سەلام بیلال گوتی "ئێمە، نامانەوێ یەکسەر فلێکس و درووشمە هەڵواسراوەکان لابدەین، سەرەتا حیزب و بەربژێرەکان ئاگادار دەکەینەوە، ئەگەر لایان نەبرد، ئەوکات ئێمە لایدەبەین."
شارەوانیی هەڵەبجە، بۆ دیاریکردنی سەرپێچییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن لیژنەیەکی پێکهێناوە. سەرۆکەکەی دەڵێ "ئەمڕۆ، لیژنەکە دەست بە گەڕان دەکات و چاوەڕێی راپۆرتی ئەوانین بۆ ئاگادارکردنەوەی سەرپێچیکاران."
بازنەی هەڵەبجە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سێ کورسییە، کە 10 حیزب، دوو هاوپەیمانی و بەربژێرێکی سەربەخۆ کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانیان.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 11 حیزب بەشدارن، بەڵام لە بازنەی هەڵەبجە، حیزبی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان کشایەوە و چووە پاڵ کۆمەڵی دادگەریی کوردستان.
20ـى تشرینى یەکەم، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێت. دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 هاونیشتمانی لە هەرێمى کوردستان بایۆمەترییان بۆ چاپکراوە، کە دەتوانن لەم هەڵبژاردنەى پەرلەمانى کوردستان دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ