کاخەزى دەنگدان؛ زۆرترین بژاردە لە دەنگدانى تایبەتە

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، هەر پێنج جۆرى کاخەزى دەنگدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى بڵاوکردەوە، کە دەنگدانى تایبەت زۆرترین بژاردە و بازنەى هەڵەبجە کەمترینە.
 
ئەو کاخەزانەى دەنگدان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ى ئەیلوول بە فەرمى لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بڵاوکرایەوە، لە دواى ئەوەى ئەنجوومەنى کۆمیسیاران نموونەى ئەو کاخەزانەى پەسەند کرد بۆ ئەوەى چاپ بکرێن.  
 
کاخەزى دەنگدانى بازنەى هەولێر، 64 بژاردەى تێدایە، 14 یان لیستەکانن و ئەوانى دیکە بەربژێرن.
 
پێشتر عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بۆ دەنگدانى گشتى، کاخەزى دەنگدانى بازنەی هەولێر گەورەترین دەبێت، کە  قەبارەکەى 70 بە 30 سانتیمەترە.
 
لە بازنەى هەولێر 34 کورسی دیاریکراوە، وەک پشکى ئەو شارە بۆ خولى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان، دوو کورسییان کۆتای کریستیان و تورکمانن.
 

136 لیست و1911 بەربژێرى لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی پەرلەمان.
 
کاخەزى دەنگدانى بازنەى سلێمانى، 54 بژاردەى تێدایە، 13 یان لیستن و 41ى دیکەى بەربژێرى سەربەخۆ و کۆتاکانن.
بازنەى سلێمانى (38) کورسی هەیە، دوو کورسی کۆتای کریستیان و تورکمان.
 
لە سنوورى بازنەى دهۆک، کاخەزى دەنگدان 41  بژاردەى تێدایە، کە 11 یان لیست و 30 یان ناوى بەربژێرانن.
بۆ بازنەى دهۆک 25 کورسی وەک پشکى ئەو پارێزگایە بۆ خوولى داهاتووى پەرلەمانى کوردستان تەرخان کراوە، یەک کورسی هی کۆتای کریستیانەکانە.
 

لە بازنەى هەڵەبجە کاخەزى دەنگدان کەمترین بژاردەى تێدایە بەراورد بە پارێزگاکانى دیکە، 14 بژاردەیە تەنیا یەکێکیان بەربژێرى سەربەخۆیە و 13ەکەى دیکە ناوى لیستە بەشداربووەکانى هەڵبژاردنە.
 
20ى تشرینى یەکەم رۆژى دەنگدانى گشتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانە، یەکەمجارە بە چوار بازنەیی بکرێت.
 کاخەزى دەنگدانى تایبەت زۆرترین ناوى بەربژێر و لیستى تێدایە، کە 236 بژاردەیە و 222 یان ناوى بەربژێر و 14ى دیکەش لیستەکانن.  
 

جیاوازى کاخەزى دەنگدانى تایبەت لەگەڵ چوارەکەى دیکە ئەوەیە، جگە لە بژاردەى لیست، ژمارەى بەربژێر، بژاردەى بازنەکەشى تێدایە، کە دەبێت دەنگدەرى تایبەت لە برى دوو بژاردە وەک بازنەکانى دیکە، سێ بژاردە نیشان بکات ئەگەر دەنگى بۆ لیستەکان بێت.