دوایین رۆژی زانکۆلاینە؛ کاتەکە درێژ دەکرێتەوە؟


رووداو دیجیتاڵ

دوای 10 رۆژ لە کاراکردنی زانکۆلاین بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی بۆ داواکاریی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان، ئەمڕۆ کاتەکە کۆتایی دێت.
 
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 21ـی ئەیلوولەوە سیستمەکە کارایە و بڕیارە تاوەکو کاژێر 12:00ـی ئەمشەو بە کارایی بمێنێتەوە.
 
لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی کاتی کاراکردنی زانکۆلاین، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، "تاوەکو ئەم خولەکە بڕیاری درێژکردنەوە نەدراوە. هێشتا دیارنییە درێژ دەکرێتەوە یان نا".
 
بۆ پێشکێشکردنی داواکاریی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، دەرچووانی 12ـی ئامادەیی دەبێت سەردانی قوتابخانەکانیان بکەن بە مەبەستی وەرگرتنەوەی ناوى بەکارهێنەر و وشەى تێپەڕ (Username) و (Password).
 
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئاماژە بەوە دەکات، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ریزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچووان لە زانکۆلاین پێشکێشی دەکەن بە رەچاوکردنی کۆنمرەی قوتابى.
 
17ـی ئەیلوول، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، نمرەی دەرچووانی ئامادەیی لە وەزارەتی پەروەردەوە رادەستی وەزارەتەکەیان کراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزارەتی پەروەردە نمرەی 55 هەزار و 720 دەرچووی 12ـی ئامادەیی رەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە و بەراورد بە ساڵی رابردوو 19 هەزار دەرچووی زیاتر هەن.
 
ساڵی رابردوو بۆ ماوەی 8 رۆژ زانکۆلاین کارابوو و دواتر جارێک کاتەکەی درێژکرایەوە.